لە کەرکووک دەست بەسەر 13 کامیۆن مریشکی زیندووی هەرێمی کوردستاندا دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هێزێکی بەشی تاوانی خۆراک کە سەر بە دەزگای هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، دەستیان بەسەر 13 کامیۆنی پڕ لە مریشکی زیندوودا گرت، کە لە سلێمانییەوە بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەکرا.
 
سامان یاسین، شوفێری یەکێک لەو کامیۆنانەیە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 10-3-2024) بە رووداوی راگەیاند "ماوەیەکی زۆرە مریشک لە سلێمانییەوە هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نەبووە، هەندێکجار لە یەک دوو بازگە داوای پارەمان لێکراوە و بەبێ کێشە رێگەمان پێدراوە." 
 
"شۆفێرەکانی کامیۆنەکان دەستبەسەر کراون"
 
سامان یاسین جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێوارەی دوێنێ، هێزێکی ئەمنی لەنێو شاری کەرکووک دەستی بەسەر کامیۆنەکانماندا گرت و 13 شوفێریان دەستگیرکرد، ئێمەش کە هاوکاری شوفيرەکانین، لە دوێنیوە لێرەین و هیچ روونکردنەوەیەکمان پێ نادەن."
 
پەیامنێری رووداو هەوڵیدا زانیاری لە بەشی تاوانی خۆراک وەربگرێت، بەڵام رەتیانکردەوە لێدوان بدەن و تەنیا ئەوەندەیان گوت "ئەو بارهەڵگرانە مۆڵەت و رێکاری یاساییان نییە و، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون."