پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی دزینی تەکسییەک دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەلایەن مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە تۆمەتبارێك بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیركراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیراوە.
 
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تەکسی بووە و لە ناو قەزای سەیدسادق دەستی بەسەردا گیراوە. سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکە و خاوەن تەکسییەکەش خەڵکی قەزاکەن".
 
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، دوای سکاڵای خاوەن تەکسییەک، هەمان شەو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە کە ویستوویەتی تەکسییەکە بباتە دەرەوەی قەزای سەیدسادق.
 
بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سوودی لە کامێراکانی چاودێری وەرگرتووە. ئەو تۆمەتبارەشی دەستگیرکراوە ناوی (د، م، ق) لەدایکبووی 1996ـە و بە گوێرەی پۆلیس "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".
 
تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر لە زینداندا راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.