بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ: یەک دیناری دەروازەکانی شوشمێ و پشتە نادرێتە پارێزگای هەڵەبجە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ دەڵێت، هەرچەندە پارێزگای هەڵەبجە دوو دەروازەی سنووریی نافەرمیی هەیە، "بەڵام داهاتی هیچیان نادرێتە پارێزگای هەڵەبجە."
سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو دەروازەی سنووریی نافەرمی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن، یەکێکیان دەروازەی پشتەیە و ئەوی دیکەیان دەروازەی شوشمێ، کە داهاتی هیچیان ناگەڕێتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە."
سمکۆ سالار گوتی "داهاتی دەروازەی سنووریی پشتە دەدرێتە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و داهاتی شوشمێ-ش دەدرێتە پارێزگای سلێمانی".
پێشتر نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداو راگەیاندبوو: "بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی هەڵەبجە بڕیاری کردنەوەی دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی میلاکەوە نەکراوەتەوە کە ئەوە کێشەی چەندین بەڕێوەبەرایەتییە لە هەڵەبجە".
لەبارەی قەبارەی داهاتی ئەو دوو دەروازە سنورییەی کە ناگەڕێتەوە هەڵەبجە نوخشە ناسیح گوتی: "داهاتی دەروازەی پشتە مانگانە نزیکەی 12 ملیار دینارە، بەڵام داهاتی دەروازەی تەوێڵە (شوشمێ) زۆر کەمترە."
دەروازەی سنووریی پشتە دەکەوێتە گوندی پشتەی سەر بە ناحیەی بەمۆ، دەروازەی سنووری شوشمێ-ش دەکەوێتە گوندی تەوێڵەی سەر بە ناحیەی بیارە.