چەند گوندێکی بناری قەندیل بۆردوومانکران
رووداو دیجیتاڵ
سنووری گوندەکانی بۆکریسکان، زارگەلی، گەلی بەدران و ئیندزێ لە بناری قەندیل بۆردوومان کران، ئەوە بە گوێرەی بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ و بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 16 ئامانجیان لە ناوچە جیاوازەکانی "باکووری عێراق،" هەرێمی کوردستان پێکاوە.
موسڵح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای رواندز لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکان گوندەکانی بناری قەندیلیان بۆردوومان کرد؛ ئێستا گوندەکانی بۆکریسکان، زارگەلی و گەلی بەدران بە چڕی بۆردوومان دەکرێن".
هاوکات نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر ئەمشەو گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل بۆردوومان کراوە.
دوای ئەم بۆردوومانانە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا باسی لە بۆردوومانەکانی ئەمشەو کرد و گوتی، 16 ئامانجیان لە ناوچە جیاوازەکانی "باکووری عێراق"، هەرێمی کوردستان پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، پێگەکانی پەکەکەیان لە چیاکانی مەتین، قەندیل، گارە، خواکوڕک و ئاسۆس بۆردوومان کردوون.
لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم بۆردوومانی بناری قەندیلە. تورکیا ئەو ناوچانە بەهۆی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکەوە بۆردوومان دەکات.
هەر ئەمشەو نزیک کاژێر 08:00، فڕۆکەی جەنگی نێوان گوندی سەفرە و گەڵاڵەیان لە سنووری قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد.
کامەران حەسەن قایمقامی ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبووە".