بۆچی مووچەی خانەنشینیی سەربازی بە هاوتاکراوی دابەش نەکرا؟
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند ئەم مانگە بۆ یەکەمجار مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق دابەش کرا، بەڵام خانەنشینانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی مووچەیان وەرنەگرت. بەرپرسێک دەڵێت، "کێشەیەک" لە وەزارەتی پێشمەرگە هۆکار بووە.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، سێشەممە 3ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە لە مانگی تەممووز جێبەجێ نەکرا."
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، ئەوان شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان لە فەرمانگەکانی خانەنشینیی سەربازی لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش ماونەتەوە بۆ رێکخستنی لیستەکان بۆئەوەی مووچە بە هاوتاکراوی وەربگرن، بەڵام دواتر لە هەبوونی کێشەیەک ئاگادار کراونەتەوە.
شێخ عەزیز باسی لەوەش کرد، "ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کۆبوونەوە، کاژێر 11:00 ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە دابەشکردنی مووچە بە لیستە کۆنەکە دەبێت."
لەبارەی چۆنێتی کێشەکەوە شێخ عەزیز گوتی، "ئەوانەی تازە خانەنشین بوون مووچەی بنەڕەتییان کەم دەبێتەوە و دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کردووە ئەم کێشەیە بمێنێتەوە تاوەکو چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە."
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتیشی، "هەموو لیستەکانیشمان ئامادە بوو، بەڵام ئەوانەی مووچەیان کەمی کردووە پەڵپیان گرتووە، بەتایبەت ئەو ئەفسەرانەی تازە خانەنشین بوون، ناڕازین. بۆیە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا وا بڕیاردرا ئەم مانگە بە لیستی کۆن مووچە دابەش بکرێت."
ئەو بەرپرسەی خانەنشینی روونیکردەوە، "سلکی سەربازی وەکو مەدەنی نییە و دەرماڵەی مەترسیی هەیە و دەبڕدرێت و لە کۆی مووچەی بنەڕەتییەکەی کەم دەبێتەوە. ئەمە یاسایەکی یەکگرتووە، کۆی مووچەی بنەڕەتی کەڕەتی ساڵانی خزمەت و کەڕەتی دوو نیو دەکرێت، کە کۆی بنەڕەتییەکەی کەم بوو، هاوکێشەکە وایە مووچەکەی کەم دەبێتەوە."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. بەگوێرەی یاساکە کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە و بە جێبەجێکردنی یاساکە بەگوێرەی بڕوانامە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مووچەیان لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.