10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت؛ 3576 کوردی ئێزدی رفێندراو ئازاد کراون
رووداو دیجیتاڵ
10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدی رفێندراو لەلایەن ئەو رێکخراوە پەڕگیرەوە بێسەروشوێنن؛ هەروەها لە 119 گۆڕی بەکۆمەڵ تەنیا 50 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و زیاتر لە نیوەی رووفاتەکانیش لە بەغدان.
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی 5000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6417 کەسیش رفێندران."
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3576 کەسیان رزگارکراون و 2841 کەسیان بێسەروشوێنن.
50 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی هەڵدراونەتەوە
لە کۆی 119 گۆڕی بەکۆمەڵی دۆزراوە لە سنووری شنگال، تەنیا 50یان هەڵدراونەتەوە. سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەو 50 گۆڕەی هەڵدراونەتەوە 600 رووفات هەبوون و لەو ژمارەیەش 264 رووفات گەڕێندراونەتەوە و رووفاتی ئەوانی دیکە لە بەغدان و هێشتا پڕۆسەی پشکنینی DNAیان تەواو نەبووە."
سعود مستۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "راگرتنی کارەکانی یونیتاد، پڕۆسەی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو خاو کردووەتەوە، چونکە تیمە عێراقییەکان ئامێری پێشکەوتوو و کەرەستەی پێویستیان لە بەردەست نییە و ناتوانن ئەو پڕۆسەیە بەباشی بەڕێوەببەن."
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە داعش پێکهێندرا.
یەکێک لە کارەکانی یونیتاد هاوکاری تیمە عێراقییەکان بوو لە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش.
لەسەر داوای حکومەتی عێراق، رۆژی 15-09-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە لە ساڵێکدا کۆتایی بە کارەکانی یونیتاد بهێنێت.
19 کەمپی کوردانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستانن
لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری کوردانی ئێزدی ئاوارە لە 21 کەمپ نیشتەجێن. حوسێن قائیدی دەڵێت، "25٪ بۆ 30%ـی کوردانی ئێزدی ئاوارە لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری. ئەوانەیان ماونەتەوە لە 19 کەمپدا جێگیر کراون."
دوو هەزار و 841 کوردی ئێزدی رفێندراو تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
حوسێن قائیدی دەڵێت، پێشبینی دەکەن زۆرینەیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بن، هەروەها بەشێکی دیکەیان لەو ناوچانەی عێراق بن کە داعش لە رابردوودا تێیاندا باڵادەست بوو.