ژنێکی کوردی ئێزدی: 10 کچ و بووکم بە هاوکاریی نێچیرڤان بارزانی رزگارکراون
رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لە شاری هەولێر بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. یەکێک لە بڕگەکانی رێوڕەسمەکە پانێڵێک بوو بۆ رزگاربووانی دەستی داعش. لە پانێڵەکەدا کچە رزگاربووییەکی دەستی داعش گوتی، "هاوکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە، ئێستا چارەنووسی منیش نادیاربوو".
ژنێکیش (دایە شەمێ) گوتی، بە هاوکاریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10 کچ و بووکی رزگارکراون و گەڕێندراونەتەوە. باوکێکیش چیرۆکی منداڵە بریندارەکەی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا گێڕایەوە و گوتی: "بە برینداری داوای ئاوی کرد و نەمتوانی پێی بدەم".
رێوەڕەسمی 10یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی ئەمڕۆ شەممە، 03-08-2024، لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا دوای چەند گوتارێک، لەنێویاندا گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پانێڵێک لەژێر ناونیشانی (زاڵبوون بەسەر ناخۆشی و دروستکردنی هیوا)دا بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە لەلایەن د. نزار عیسمەت، ئەندامی دەستەی ئەمینداریی زانکۆی کوردستان – هەولێر بەڕێوەبرا و تێیدا ئەم کەسانە بەشداربوون: شەمێ دێرۆ، رزگاربووی دەستی داعش کە 32 کەس لە خێزانەکەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا لەدەستداوە؛ ئیدریس بەشدار، رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان؛ زەینەب بەرەکات، کچە رزگاربووی دەستی داعش و بارزان نایف، گەنجی ئێزدی کە لە کەوتە دەستی داعش و دواتر رزگارکرا.
د.نزار عیسمەت، سەرەتا بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ میرتەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی و تەواوی ئامادەبووانی کرد و بەشدارانی پانێڵەکەی ناساند و گوتی، "ئەو دایکەی لێرە قسە دەکات دایکێکی خۆڕاگرە؛ دایكێک بە تەنیا بێ هاوژین منداڵەکانی گەورە کرد تاوەکو کردنی بە پزیشک و دەرمانساز".
'پێویستە سەنتەرێکی تایبەت بە رزگاربووان بکرێتەوە'
بارزان نایف لە پانێڵەکەدا گوتی، "زۆر بچووک بووم و تەمەنم 14 ساڵ بوو، دەمویست خوێندن تەواو بکەم. پێش ساڵی 2014 ژیانمان زۆر باش بوو، دەچووینە قوتابخانە و لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و براکانمان دەژیاین، بەڵام دوای 2014 ژیانی ئێمە زۆر گۆڕا؛ لە من گەورەتر و بچووکتر کەوتینە ژێر فەرمانی چەک و کوشتن؛ سەختی زۆرمان بینی".
ئەو گەنجە باسی لە رزگارکردنی کرد و گوتی، "رزگارکراین و تاوەکو گەیشتینە ئێرە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی هاوکاری کردین. هاوکاری دیکە کراوین، بەڵام هاوکارییەکان زۆر نەبوون".
بارزان داوایکرد، بۆ کچان و کوڕانی رزگاربووی دەستی داعش سەنتەرێکی تایبەتی هەمیشەیی بکرێتەوە، "چونکە ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە کەم نەبووە و دەرنابڕدرێت".
کچە رزگاربوویەک: ترسی ئەوەم هەیە خێوەتەکە بسووتێت
کچە رزگاربووی دەستی داعش زەینەب بەرەکات لە پانێڵەکەدا قسەی کرد و داوای کرد، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی هەڵبدرێنەوە و ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت لەوێ شاردراونەتەوە؛ داواشیکرد، رووفاتی ئەو ئێزدییانەی لە بەغدا لە چاوەڕوانی پشکنینی (DNA)دا هێڵدراونەتەوە کارەکانیان تەواو بکرێت و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
زەینەب بەرەکات گوتی، تاوەکو رفێندراوەکان چارەنووسیان نادیار بێت و کوردانی ئێزدی رۆژانە لە کەمپەکاندا چادرەکانیان بووستێت، خەم و ئازارەکانیان تەواو نابێت؛ گوتیشی، "رزگاربووی دەستی داعشم و لە کەمپدا دەژیم، نازانم کەی خێوەتەکەمان دەسووتێت. ئێستا هەزاران کچی ئێزدی وەک من هەن؛ هەزاران دایکیش لە چاوەڕوانی منداڵەکانیاندان و چارەنووسی کەسیان نازانن".
ئەو کچە لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی، "لە هەر ماڵێکدا کەسێک دوو کاژێر بچێتە دەرەوە و نەگەڕێتەوە، کەسوکارەکەی ئازار دەچێژن. ئەوە بوو بە 10 ساڵ ئێمە لە چاوەڕوانی {کەسوکارەکەمان}داین؛ 10 ساڵ کەم نییە. تاوەکو خەڵکی نەگەڕێنەوە شنگال، خەمی ئێمە بەردەوام دەبێت".
زەینەب بەرەکات ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی ئەوەی نەکردووە رۆژێک لە دەستی داعش رزگاری بێت و بتوانێت لەگەڵ کەسانێکدا بژی کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن؛ گوتیشی، "ئێمە زۆر سوپاسی نووسینگەی کاک نێچیرڤان دەکەین کە هاوکاریی ئێمەی کرد. رەنگە ئەو هاوکاری ئێمەی نەکردایە، ئێستا لێرە نەبوومایە و نەمتوانیبایە لێرە قسە بکەم و ئێستاش چارەنووسی من نادیار بوایە".
زەینەب دەڵێت، "پێداویستی من و هەموو ئێزدییەک زۆرە؛ دەمانەوێت بە ئارامی بژین، دڵمان کەمێک ئارام ببێتەوە، هەرچەندە تاوەکو یەک رفێندراو مابێت دڵی ئێمە ئارام نابێتەوە. ناتوانم بگەڕێمەوە شنگال، چونکە یەکێک نییە گەرەنتیمان پێبدات پارێزراو دەبین. ناتوانم بچمەوە شنگال، چونکە ئەو دیمەنەی بینیومە و لەپێش چاومە وەک خۆی ماوەتەوە".
باوکێکی رزگاربوو: کوڕەکەم گوتی بابە توخودا ئاوم پێبدە
ئیدریس بەشدار، رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە و لە پانێڵەکەدا گوتی، خەڵکی گوندی کۆجۆیە لە شنگال کە لە هێرشی داعشدا هەزار و 240 کەسی تێدا کۆمەڵکوژ کرا و لەو ژمارەیە 28یان برا و کەسوکاری ئەو بوون و ئەو بە تەنیا رزگاری بووە.
ئیدریس بەشدار گوتی، "74 فەرمان دژی ئێزدییەکان کراون و نازانم لە 73 فەرمانی رابردوودا کێ هاوکاری ئێزدییەکانی کردووە، بەڵام بۆ فەرمانی 74 {هێرشی داعش لە 2014} ئێمە دەستخۆشی لە کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەین و ئیدی ئێمە زانیمان پشتێکمان هەیە. بەڕێزیان بە رزگارکردنی نزیکەی 4 هەزار کچ، ژن و منداڵی ئێمە، هێزی پێداوین".
ئیدریس بەشدار باسی لە رۆژی هێرشەکەی داعش بۆسەر گوندی کۆجۆ کرد و گوتی، "19 گۆڕی تاکەکەسی و بەکۆمەڵیان بۆ دروستکردین. ئەو گۆڕەی منی تێدابوو 60 کەس بووین. داعش بە گوتنی ئەڵاهوئەکبەر هەموومانی گولـلەباران کرد، دیمەنیان تۆمار دەکردین و پێدەکەنین".
دوای گولـلەبارانکردنەکە چەکدارەکان شوێنەکەیان جێهێشتووە. ئیدریس بەشدار چیرۆکی کوڕەکەی لە گۆڕەکەدا گێڕایەوە و گوتی، "چەکدارەکان رۆیشتن و لەنێو خەڵکەکەدا بریندار هەبوون، لەوانەش کوڕ، برا و برازایەکم هەبوون. کوڕەکەم برینداربوو بە چوار گولـلە و برینەکەی هی مردن بوو و گوتی: "بابە تو خودا کەمێک ئاوم پێبدە". گوتم بابە ئاو لە کوێ بێنم!"
دایە شەمێ: دوای کەوتنە دەستی داعش، دوو کچم خۆیان کوشت
شەمێ دێرۆ کە بە 'دایە شەمێ' ناسراوە گوتی، "10 ساڵە دایکی 32 شەهیدی بێسەروشوێن و دیلم. ئەوەی بەسەر مندا هاتووە بەسەر کەسدا نەهاتووە. منداڵم بە زەحمەتی و دڵشکاوییەوە گەورە کرد تاوەکو ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و چوونە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان. کاتێک چەکدارەکان هێرشیان کرد، گوتیان تۆ وەرە دەتبەینە جێگەیەکی دیکە. گوتم نایەم و با هەموو پێکەوە بین، دواجار منیان خستە ئۆتۆمبێلەوە و بردمیانە گوندێکی دیکە".
دوای جیاکردنەوەی دایە شەمێ لە منداڵ و نەوەکانی، پیاوەکانیان لە شوێنێکدا کۆکردووەتەوە و هەموویان گولـلەباران کردوون و ژن و منداڵەکانیشیان رفاندوون. ئەو ژنە کە ئێستا تەمەنی لە دەوروبەری هەشتا ساڵدایە گوتی، "یەکێک لە کچەکانم کە هیچ تاوانی نەبوو، گوتیان دەیکەنە بووک بۆ ئەمیرەکەیان. ئەویش گوتی "خۆم دەکوژم" و دواجار هەواڵم بۆ هات کاتێک جلی بوکێنییان بۆ بردووە خۆی کوشتووە بۆ ئەوەی نامووسی نەکەوێتە دەستی دڕندەکان. کچێکی دیکەمیان بردبووە سووریا، ئەویش بە کارەبا خۆی کوشتبوو".
شەمێ دێرۆ داوای لە هەردوو حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بە "چاوێکی گەورە و رێزەوە" لە رووفاتی کوردانی ئێزدی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بڕوانن و هەوڵی ئازادکردنی ئەو ئێزدییانەش بدەن تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
دایە شەمێ سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لە هاوکاریکردنیان و گوتی، "10 کچ و بووکم لە سایەی خودا و نێچیرڤان و حکومەتی هەرێمی کوردستان رزگار کراون. داواکارم هاوکاریمان بکەن باری ئێزدییەکان گرانە".
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدییدا تێدەپەڕێت. لە هێرشی داعشدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ نزیکەی 5 هەزاریان کۆمەڵکوژ کران، 3 هەزار و 579 کەسیان رزگارکراون و ئەوانی دیکەش تاوەکو ئەمڕۆ بێسەروشوێنن.