رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوتاکردنی مووچەکانیان بە مووچەی خانەنشینانی عێراق تاوتوێکراوە.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکردین و پێیان گوتین کە داواکاریی هاوتاکردنی مووچەکانمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسندکراوە".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گوتی: "چەند ساڵێکە بۆ سندووقی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مانگانە 07%ـی مووچە بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت، بەڵام سندووقەکە پارەی تێدا نییە. ئێستا ماوەی سێ مانگە راستەوخۆ لە بەغدا ئەو پارە دەبڕدرێت بۆ سندووقی خانەنشینیی عێراق".
لەبارەی لایەنی جێبەجێکاری هاوتاکردنی مووچەکە سادق عوسمان گوتی: "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە. هەربۆیە دەبێت بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق و بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، لیستی خانەنشینان بنێرێت بۆ بەغدا، لەوێش دەبێت دوای وردبینی، جێبەجێ بکرێت".
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت: "ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە دۆسێیەکان وەک خۆیان بنێردرێن و کێشەی یاسایی نەبێت، بەغدا جێبەجێی دەکات".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن؛ کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ