کەسێک لە هەولێر 10 ئۆتۆمبێلی پێشانگەکان بەناوی 'ترایی' دەبات؛ 'بەهاکانیان نیو ملیۆن دۆلارە'

 
رووداو - هەولێر

ژمارەیەک خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، کەسێک لە بەرگی کڕیاردا چووەتە لایان و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بردوون، ئێستا یاداشتی دەستگیرکردنی کڕیار و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان لەدەست فرۆشیارانە.
 
هاشم حامید، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێل دەڵێت، ئەو کەسە "هات و ئۆتۆمبێلێکی کامریی رەنگ مارۆنیی بەدڵبوو، دوای مامەڵە و پێکهاتن، گوتی دەچم تراییەک بە ئۆتۆمبێلەکە لێدەدەم و پارەشتان بۆ دەهێنم، بەڵام رۆشت و نەگەڕایەوە."
 
نەوزاد لاوە، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسە "خۆی بە ناوی کەسێکی وا ناساند کە ئەستەم بوو بڕوای پێنەکەیت، لای من گوتی کوڕی فڵانە کەسم، دواتر تەلەفۆنمان بۆ کرد و گوتی من کوڕم هەر نییە، تەنیا سێ کچم هەن."
 
کڕیار چوار ژمارەی تەلەفۆنی هەن و سەرجەمیان داخراون، تائێستاش کڕیاری ئۆتۆمبێلی دیکەیە و هەر رۆژەو لە کامێرایەکی چاودێریی پێشانگەکان وێنەی دەگیرێت.
 
هەنگاو هاشم، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێل دەڵێت، "پۆلیس دەڵێت، کە دۆزیتانەوە پێمان بڵێن دەیگرین، من لە هەقی خۆم خۆشنابم، بەڵام پێمان باشە یاسا کێشەکەمان چارەسەر بکات، نەک بچێتە قاڵبی عەشایەری و خۆمان پێی هەڵسین."
 
خاوەن پێشانگەکان دەڵێن، لە ماوەی دوو مانگدا 10 ئۆتۆمبێلی بردوون، نرخی ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی نیو ملیۆن دۆلارە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "زۆربەی کاسبکاران لە مامەڵەی ئۆتۆمبێل یان هەر مامەڵەیەکی رۆژانە کە کەسێک پارەکەیان دەبات و درەنگ لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەگەرنا ئێمە لایەنی جێبەجێکارین و هەر کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت بێگومان دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بۆ ئەو کەسەش پۆلیس و ئاسایش سەرقاڵی کاری خۆیانن."
 
ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلەکانی بردووە، کامە ئۆتۆمبێلی گرانبەها بووە، رەنگەکەی بەدڵ بووە و لە براندێکی باش بووە، دڵخوازی ئەوەیان بووە، بە رەزامەندیی خاوەنەکانیان سویچەکەی پێدراوە و دواتر نەیگەڕاندوونەتەوە.