بەرگری شارستانی هەولێر روونکردنەوە بە رۆژنامەڤانان دەدات

رووداو - هەولێر

بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی رووماڵی رووداوی ئاگرکەوتنەوە، روونکردنەوە بە رۆژنامەڤانان  دەدات و داوا دەکات چەند خاڵێک جێبەجێ بکەن.

لە روونکردنەوەیەکدا، بەرگری شارستانی هەولێر داوا لە دەزگا راگەیاندنەكانی (بیستراو، بینراو و خوێندراو دەکات، ئەو 10 خاڵە جێبەجێ بکەن، کە وەک "لەیەکگەیشتنی کارکردن" ناویبردووە.

دەقی 10 خاڵەکەی بەرگری شارستانی هەولێر:

1- هەر دەزگایەكی راگەیاندن لەكاتی روودانی ئاگركەتنەوە پێویستە چەند مەترێك دوور بێت لە رووداكە، چونكە زۆر جار دارمان یا تەشەنە كردنی ئاگر یاخوود شۆرتی كارەبا گیانی ئەو هاوڵاتیانە دەخاتە مەترسیەوە كە لەو شوێنە نزیكن، بۆیە پێویستە لەدوورەوە وێنە بگرن.

2- لەكاتی روودانی ئاگر كەوتنەوە نابێ هیچ دەزگایەكی راگەیاندن رووماڵی راستەوخۆ ئەنجامبدات، تەنها لەكاتی وەرگرتنی مۆڵەت لەئەفسەران یاخود ژووری بزوێنی بەرگری شارستانی ئەویش تەنها چەند خولەكێك تەنها بۆ گواستنەوە یاخود ئاماژەپێكردنی رووداوەكە و هیچی دیكە، چونكە لەكاتی پەخشی راستەوخۆ هیچ زانیارییەك راست و دروست دیار نییە و بەردەست نییە، بگرە تەنها بەشێوەی ئەگەر یاخود گومان هەواڵەكە دەگواسترێتەوە بۆ بینەر، بەو شێوەیەش بە یاسا هەر رووداوێك تاوەكو لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەنجامنەدرێت، ناتوانرێ هەواڵی دروستی لەسەر بگوترێت.

3- لەكاتی هەر رووداوێكی ئاگر كەوتنەوە بەهیچ شێوەیەك لە شوێنی رووداوەكە باسی زەرەرو زیانەكان نابێت بكرێت لەسەر زاری هاووڵاتییان چونكە ئەوە كاری لێژنەی پسپۆڕی بەرگری شارستانییە، كە لەدوای كۆتایی هاتنی رووداوەكە دیاری دەكات و پاشان دەكرێ پەیوەندی بكەن لەبارەی قەبارەو تێچووی زیانەكان.

4- هەر رووداوێكی ئاگركەوتنەوەی گەورە، لەدوای كۆتایی هاتنی رووداوەكە و دەستكەوتنی چەند سەرەداوێك یاخود روونكردنەوەی پێویست لەبارەی رووداوەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی بەسازكردنی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، یاخوود هەر دەزگایەكی راگەیاندن پێویستی بە وەرگرتنی زانیاری هەبوو دەتوانێ پەیوەندی بە ژمارەكانی ژووری عەمەلیاتی بەرگری شارستانی (066115 یان 066125) بكات بۆ ئەوەی چۆنیەتی دەستكەوتنی زانیاری بەدەستبهێنێت.

5- وەرگرتنی راو بۆچوونی هاووڵاتییان بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەفسەران یاخود بەشی راگەیاندنی بەرگری شارستانی پشتڕاستبكرێتەوە دروست نییە، ئێمە روونكردنەوەو تەنانەت ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو هەواڵەكە یاخود راپۆرتە لەو كاتەدا ناچارین رێگەی یاسای بگرینەبەر، زانیاری لەسەر چۆنیەتی رووداو زیانەكان ئەوە كاری هاووڵاتیان نییە، كاری لێژنەكانی بەرگری شارستانییە.

6- هەموو دەزگایەكی راگەیاندن مافی خۆیەتی هەواڵ و زانیاری لەسەر چۆنیەتی رووداوەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام پێویستە دەزگا راگەیاندنەكانیش لەكاتی پێویستە هاوكاری بەرگری شارستانی بكەن لە گەیاندنی رێنەمایەكان و ئەركی كارمەندنی بەرگری شارستانی چونكە راگەیاندنەكان تەنها ئەو كاتە بەرگری شارستانیان لە یادە، كاتێك رووداوێك دێتە پێشەوە وەكو دیکە هیچ كاتێك هاوكاری بەرگری شارستانی ناكەن بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان، لەكاتێكدا بەرگری شارستانی ئەركی وەكو كارمەندانی (تەندروستی و نەخۆشخانەكان) پیرۆزە، یاخود دەكرێ بڵێین كارمەندانی بەرگری شارستانی پێشمەرگەی ناو ئاگر و لافاو بومەلەرزەن.

- لەكاتی بەدەستهێنانی وێنەی كارەساتەكان یاخود سوتانی سەروماڵی هاووڵاتییان یان جەستەی مرۆڤەكان نابێ بەهیچ شێوەیەك لە شاشەكان بڵاوبكرێتەوە چونكە نیشاندانی بۆ هەستی بینەر بەتایبەتی منداڵ و ئافرەت بەهیچ شێوەیەك قەبوڵ نییە و نابێت وێنەی بگیرێت و بڵاوبكرێتەوە.

8- هەندێك كارەسات بۆ هەستی نیشتمانی یاخود سامانی نەتەوەیی و باری ئابووری دەبێ بەشێوەیەكی هەستكردن بە بەر پرسیاریەتی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بۆ نموونە لەكاتی وەرزی دروێنە سووتانی دانەوێڵەكان یاخوود باخ و شوێنە گەشتیارییەكان نابێ هەموو زانیارییەك بخرێنەڕوو.

9- هەر دەزگایەكی راگەیاندن بەرنامەیەك یاخود بابەتێك لەسەر بەرگری شارستانی بوروژێنێت پێویستە نوێنەرمان لەبەرنامەكە ئامادە بێت و زانیاریەكان لەبارەی بەرگری شارستانی روونبكرێتەوە، بۆ ئەو بابەتەش بەرگری شارستانی خاوەنی چەندین پسپۆڕە.

10- بەرگری شارستانی هەموو كاتێك دەرگای واڵایە بۆ هەموو ئەو دەزگا راگەیاندنانەی بە ئەمانەتەوە بەشێوەیەكی راست و دروست زانیارییەكان بۆ بینەرانیان دەگوازنەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود