لە سلێمانی ژنێک و پیاوێک بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی ژنێک و پیاوێکیان دەستگیرکردووە و گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتی سەر ئەو دوو کەسە دزیکردنە.
رۆژی دووشەممە 03ـی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکان لە لە دادگەی كەتنی دووی سلێمانی بە گوێرەی مادەی 446 لە یاسای سزادان پێشووتر فەرمانی دەسگیرکردنیان هەبووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کەسەکە هاوژینی یەکدی نین. هەردووکیان دۆسێیەی دزیکردنیان هەبوو و چەند جارێک دادوەر داوایکردوون و ئامادە نەبوون بچنە دادگە؛ بۆیە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراون".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، هەردوو تۆمەتبارەکە تۆمەتی دزیکردنیان لەنێو شاری سلێمانیدا دراوەتەپاڵ.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتباران (ن، أ، م) لەدایكبووی 1958 و (ع، س، ت) لەدایبكووی 1954 بەبڕیاری دادوەر راگیراون.