بارانبارینی 24 کاژێری رابردوو لە هەرێمی کوردستان زیانی گیانی و مادیی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی 24 کاژێری رابردووەوە، چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها ئاو چووە چەند ماڵێکەوە.
زیانی گیانی بەهۆی بارانەکەوە لە قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی بوو، کە چوار شاخەوان گیانیان لەدەستدا.
رەئووف کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاخەوانەکان 12 کەس بوون و چواریان کەوتوونەتە بەر تەوژمی لافاوەوە.
لە هەولێر و دەربەندیخان زیانی مادی هەبووە
بەرپرسێکی کارگێڕی لە هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لافاوەکەی هەولێر "زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئاو چووەتە چەند ماڵێکەوە و زیانی مادی پێگەیاندوون."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە روویەکی قەڵای هەولێرەوە بەشێکی دیوارێکی راگر لە نزیک کلیلسازەکان رووخاوە؛ گوتیشی، "بەراورد بە بەهێزیی بارانەکە، لە هەموو جارەکان زیانمان کەمتر بووە."
هەر ئەمڕۆ سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەردانەوەی ئاوی زۆری بەنداوی دەربەندیخانەوە زیانی مادی بە پڕۆژەیەکی ماسی سەلەموون کەوتووە.
هاوکات بەهۆی بارانی زۆرەوە، لە ناحیەی شێخ تەویل لە سنووری قەزای دەربەندیخان، بەشێکی دیواری پۆندی ناحیەکە رووخا.
لە دهۆک و هەڵەبجە لافاو زیانی نەبووە
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری دهۆکیش بەهۆی بارانەوە هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.
هاوکات رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە چەند شەقامێک بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەبووە، بەڵام هیچ زیانێک نەبووە.
شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی "لێزمەباران و هەورە برووسکەی ناوبەناو لە زۆربەی ناوچەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوامی دەبێت."