ئاسایش: دەستگیرکردنی ئارام سایەخان و شەرمین عەلی پەیوەندی بە ئازادیی رادەربڕینەوە نییە


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەستگیرکردنی ئارام سایەخان و شەرمین عەلی، کە دوو بەرپرسی پێشووی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانن، "هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەڤانی و رێکخراوەیی و ئازادی رادەربڕینەوە نییە،" بەڵکو بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوەیە. 
 
هەفتەی رابردوو ئەو دوو بەرپرسە دوای گەڕانەوەیان لە دەوامی فەرمی، لە قەزای کەلار لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کران. ئاسایش ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-5-2023 رایگەیاند، ئەو دوو کەسە "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی (431)ـی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە."
 
لەبارەی ماددەکەوە، پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماددەکە پەیوەندەی بە فەرمانبەرێکەوە هەیە کە لەکاتی ئەرکەکەیدا "هەڵەیەکی گەورە" بکات و زیان بە بەرژەوەندیی ئەو شوێنە بگەیێنێت کە کاری تێدا دەکات؛ گوتیشی: "ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر تۆمەتباردا ساخبێتەوە، زیندانی دەکرێت لە ماوەیەک کە لە 24 کاژێر کەمتر و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت."
 
ئاسایش لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا ئەو دوو کەسە "خۆیان و پەڕاویان خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بەڕێزیان بینیونی و گوتەیانی وەرگرتووە و هەموو رێکارێکی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنیا لایەنی جێبەجێکاری یاسایە." 

رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی راگیراوان سەردانی گرتووخانەی ئاسایشیان کردووە و چاویان بە راگیراوان کەوتووە، ئاسایش دەڵێت: ئارام حەسەن و شەرمین عەلی یان بینیوە و "لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسە نزیکەکانیان سەردانیان کردوون و چاوپێکەوتنیان هەبووە." 
 
ئارام سایەخان، بەرپرسی پێشووی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و هاوژینەکەی شەرمین عەلی، بەرپرسی پێشووی راگەیاندن و گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانن. ئارام سایەخان وەکو چالاکڤانێک و هاوژینەکەشی وەکو رۆژنامەڤان لە گەرمیان کاریان کردووە؛ بۆیە دەستگیرکردنەکەیان کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد.