عەدنان موفتی: تائێستاش یاساکانی سەردەمی بەعس بۆ کوردی فەیلی بەرکارن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رووخانی حکومەتی بەعس، تائێستاش ئەو یاسایانە بەرکارن کە موڵک و ماڵی کوردی فەیلی پێ زەوتکراوە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێت: "هەرکات یاسای نوێ و دیموکراتانە جێگەی یاساکانی سەردەمی بەعسی گرتەوە، دەشێ بڵێین گۆڕانی ریشەیی لە بیرکردنەوەی عێراق بەرامبەر پرسی کوردی فەیلی روویداوە".
رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023، لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسی زانستی بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی پانێڵێک لەژێر ناونیشانی روانینی لایەنە سیاسیییەکانی کوردستان بۆ جینۆسایدی کوردی فەیلی بە بەشداریکردنی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەڕێوەچوو.
عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس، تائێستاش بە دەیان کێشەی کوردی فەیلی لە دادگەکان چارەسەر نەکراون و رۆتینێکی زۆر بوونەتە کۆسپ لەبەردەم داواکارییەکانیان.
بەگوتەی عەدنان موفتی، چەندین بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەیە کە تاوەکو ئێستاش پەرلەمانی عێراق هەڵی نەوەشاندوونەتەوە و راینەگرتوون و تەنانەت هەمواریشی نەکردوونەتەوە.
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان گوتی "تاوەکو ئێستاش دەست بەسەر موڵکی کوردی فەیلیدا گیراوە و خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی و کاتێکیش حکومەت هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دۆسیەیە دەکات، بەو چاوەوە هەڵسوکەت ناکات کە ئەم دۆسیەیە لە ئەنجامی سیاسەتی جینۆساید دروستبووە و ئەمانە قوربانیی ئەو سیاسەتەن و دەبێت کارئاسانییان بۆ بکرێت و رەچاوی رۆتینەکان نەکرێت.
عەدنان موفتی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە "کەمتەرخەم" دەزانێت بەرامبەر دۆخی ئێستای کوردی فەیلی و دەڵێت، دەبێ دان بەوەدابنێن کە هەموو حیزبەکان وەکو یەک کەمتەرخەمییان بەرامبەر کوردی فەیلی هەبووە لە بەرامبەر چارەسەرنەبوونی کێشەکانیان دوای 20 ساڵ حوکمڕانی نوێ لە عێراق.
کۆنفرانسی زانستی بۆ جینۆسایدی کوردی فەیلی لە هەولێر، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سپۆنسەری دەکرێت و زانکۆکانی سەڵاحەدین-هەولێر، سۆران و دهۆک سەرپەرشتی دەکەن.