سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەمریکا جەخت لە رێکخستن و یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکەنەوە

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و  باربارا لیف،  یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جه‌ختيان‌ له‌ پابه‌ندى به خشته‌ و به‌رنامه‌ى ياداشتى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن لەباره‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى" کردەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە باربارا لیف،  یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەبارەی په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا قسەیان کردووە. 
 
لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی کردەوە و رایانگەیاند، پێویستە پرۆسەی چاکسازی، رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

 

 
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە ئەلینا رۆمانۆڤکسی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش قسەیان کردووە و "هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان"، هەروەها "هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيشیان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به ‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا کرا و "باس له‌ ده‌ر‌فه‌ته‌كانى به‌هێزكردنى ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌بوونى زه‌مينه‌ى له‌بار بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى كرا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا باسی لێوەکراوە.