کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و شاندێکی ئەمریکا: پێویستە بە زووترین کات هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، هاوڕابوون کە "بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا باسیان لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە "بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی زیانمەند نەبن."

 

 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەلینا رۆمانۆڤکسی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش گفتوگۆ کراوە. مەسرور بارزانی دەڵێت، "دووپاتمان کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە و رێککەوتنی شنگال گفتوگۆ کرا، تیشکخرایە سەر "گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان."