کۆنسووڵی بەریتانیا بۆ گەنجان لەکاتی سەردانی بۆ رووداو: پارەکانتان لە کۆچی نایاسایی بەفیڕۆمەدەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو کۆبووەوە و سەردانی بەشەکانی دیکەی رووداوی کرد. لە هەڤپەیڤینێکیشدا، باسی لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ 3ـی ئایاری 2022، رۆزی کەیڤ، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کە لە 16ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وەک نوێنەری فەرمیی حکومەتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو، سەردانی نووسینگەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، لەلایەن بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە کاری رووداو و رۆژنامەڤانی لە کوردستان کرا.
رۆزی کەیڤ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "ئەم سەردانەم بۆ رووداو دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان" هەروەها سوپاسی رووداوی کرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆیان.
هەر لەو سەردانەدا پێشکێشکاری رووداو نمە نەبەز هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە رووی سیاسی، ئابووری و هەروەها پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵدا کرد کە بەم نزیکانە پەخشدەکرێت.
سەردانی رۆزی کەیڤ، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر @RosyCave بۆ تۆڕی میدیایی رووداو؛ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو باسیان لە کاری رووداو و دۆخی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 3, 2023
وێنە: بڵند تاهیر - رووداو pic.twitter.com/OSlCq5T9v1
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە هەڤپەیڤینەکەدا لەبارەی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت روو لە بەریتانیا بکەن گوتی، "من لێرەوە پێیان دەڵێم کە ژیانی خۆیان و پارەکانیشیان نەخەنە مەترسییەوە، بەهۆی ئەوەی کۆچکردنی نایاسایی زۆر مەترسیدارە."
هەروەها باسی لەو دەرفەتانەکرد کە حکومەتی بەریتانیا لە رێگەی کۆنسوڵخانەکەیەوە پیشکەشی گەنجانی هەرێمی کوردستانی دەکات، لەوانەش راهێنانی کار و پڕۆگرامی چیڤنینگ کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی دەرفەتی خوێندنی باڵا لە بەریتانیا، بۆ خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان.