سی پی تی: ئەم ساڵ تورکیا 404 جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە

بۆردوومانێکی پێشووی تورکیا لە سنووری ئامێدی.
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، سوپای تورکیا 404 جار هێرش و بۆردوومانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە، پاشان دهۆک و سلێمانی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، "سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، 118 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی رێکخراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم، 12% و بەراورد بە مانگی شووبات، 21% کەمیانکردووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە هەفتەی یەکەمی دوای راگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی، لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە، رێژەی بۆردوومانەکان بەراورد بە دوایین هەفتەی پێش راگەیاندنی بانگەوازەکە، 145% زیادیکردووە".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا 55 هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و 51 هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و 12 هێرشیشی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
 
کامەران عوسمان دەڵێت، لە مانگی ئاداردا سوپای تورکیا هیچ بۆردوومانێکی سنووری مەخموور و شنگالی نەکردووە.
 
رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سێ مانگی ئەم ساڵدا تورکیا 404 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و بەهۆیانەوە دوو هاونیشتمانی سڤیل شەهیدبوون و چواری دیکەش بریندار بوون.