پەروەردەی گەرمیان: قوتابیان تەنیا لەو پرۆگرامەدا تاقیکردنەوە دەکەن کە دەیخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان دەڵێن، بۆ ئەو ناوچانەی بایکۆتی دەوامی تێدا کرابوو، پرۆگرامی خوێندن کەم کراوەتەوە و کاتی دەوامی پۆلی 12ی ئامادەییش درێژکراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کورستان بۆ خوێندنی ناوچەکانی بایکۆت دایناوە، خوێندن بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێک دروست نەبووە."
لەکاتی بایکۆتدا قوتابیانی 12ی ئامادەیی داوایان دەکرد، بەشێكی وانەکانیان بۆ کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا نمرەی زیاتر بەدەستبهێنن. لەو بارەیەوە عەبدولواحید محەممەد گوتی، "بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی پرگرامی خوێندن کەمکراوەتەوە و هەمووی دیاریکراوە کە تاوەکو کوێ بۆ تاقیکردنەوەکان داخل دەبێت."
سەبارەت بە قوتابیانی پۆلەکانی دیکەش جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی، ئەوانیش بەگوێرەی پێڕاگەیشتنیان بە پرۆگرامەکانی خوێندن تاقیکردنەوە دەکەن و بە کوێ گەیشتن تاوەکو ئەوێ تاقیکردنەوە دەکەن.
هەر ئەمڕۆ دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ هاوکاریکردنی هەموو قوتابیان، پرۆگرامی خوێندن کەمکراوەتەوە بە جۆرێک کە تاوەکو تاقیکردنەوەکان بتوانن ئەوەندەی بخوێنن بۆیان دیاریکراوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتیشی، نەوەکو کەمکردنەوەی پرۆگرام، بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی کاتیش درێژکراوەتەوە بەجۆرێک بڕیار بوو 3ی مانگی شەش تاقیکردنەوەی کۆتایی بکەن، بەڵام کراوە بە 23ی شەش بۆ ئەوەی بتوانن کاتی زیاتریان بۆ خوێندن هەبێت.
13-09-2023 زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد، بەڵام لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە دەوام ئاسایی بوو.
دوای زیاتر لە چوار مانگ و لە 20ی شوباتی 2024 لە ناوچەکانی بایکۆت خوێندن ئاسایی بووەوە.
دوای ئاساییبوونەوەی خوێندن لەو سنوورانە، 28ی شوباتی 2024، دوای کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، ساڵنامەی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی قوتابیانی سنوورەکە دانرا.
ساڵنامەکە بەمشێوەیەبوو:
- ئەو ناوەندانەی لە دوای 09-01-2024 دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە، بۆ قۆناخەکانی 4ـی بنەڕەتی بۆ 12ـی ئامادەیی، تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز لە 20 نمرە لە رێککەوتی 6ـی ئاداری 2024 دەستپێدەکات و لە 19ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.
- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ قۆناخەکانی 4ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی جگە لە 9ـی بنەڕەتی لە 19-05-2024 دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی هەمان مانگ، کە لەسەر 60 نمرە دەبێت.
- پێویستە لە 09-01-2024 بۆ 19-05-2024 دوو هەڵسەنگاندن بکرێت؛ هەریەکەیان لەسەر 10 نمرە لەلایەن مامۆستایانەوە.
- بۆ پۆلی 09ـی بنەڕەتی تاقیکردنەوەی وەرز لە 60 نمرە لە رێککەوتی 21-04-2024 دەستپێدەکات و 30ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.
- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 28-04-2024 دەستپێدەکات و 06-05-2024 کۆتایی دێت.
- هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرز بۆ بازنەی یەکەم لە رێککەوتی 14-15 و 16ـی ئایار ئەنجام دەدرێت.
- ئەو ناوەندانەی کە پۆلی 09ـی بنەڕەتیان هەیە، پێویستە تاوەکو رۆژی 05-05-2024 نمرە بە رێژەی 40% داخل بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو خوێندن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەستیپێکرد، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە تاوەکو ئەم مانگە خوێندن بە رێکوپێکی دەستی پێنەکرد.