كچە قوتابییەكەی زانكۆی سەڵاحەدین چۆن سووتا؟
رووداو- هەولێر
كچە خوێندكارێكی قۆناغی سێیەمی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەدین بەناوی شەوین قوباد كە تەمەنی 22 ساڵ بوو، بەهۆی سووتانەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد. كەسوكارەكەی و پۆلیس لەبارەی ئەو رووداوە كارەساتبارە دوو چیرۆكی جیاواز دەگێڕنەوە.
بەگوتەی كەسوكاری، ئەو كچە پاش ئەوەی گوێی لە هاواری خوشكەكەی دەبێ كە ئاگری تێبەر بووە، بە هانایەوە دەچێ و فریای خوشكەكەی دەكەوێت، بەڵام گیانی خۆی لەسەر دادەنێ.
شەوین پاش ئەوەی شەوی هەینی رابردوو لەگەڵ خێزانەكەی لە ماڵی پووری دەگەڕێتەوە، بەرەو ژوورەكەی دەڕوات تا خۆی بگۆڕێت. دایكی دەڵێت "نیانی كچە گەورەم چوو موەلیدەی كارەبا هەڵبكات، لە ناكاو هاواری كرد، شەوینیش چوو بە هانایەوە و خێرا خۆی دابوو بەسەر خوشكەكەیدا بۆ ئەوەی نەسووتێ".
ئەگەرچی شەوین دەتوانێت ژیانی خوشكەكەی رزگار بكات، بەڵام گڕ لە گیانی خۆی بەربوو. دایكی شەوین دەڵێت "جلوبەرگەكەی ماددەی نایلۆنی زۆر بوو، شەوین بە ئاگرەوە بەرەو كۆڵان رایكرد، لەو كاتەشدا بایەكی بەهێزی دەهات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئاگرەكە زیاتر تەشەنە بكات".
موعتەبەر زاهیر، دایكی شەوین كە خاوەنی دوو كچ و كوڕێكە، بەناو خزم و هاوڕێیانی شەویندا دەگەڕا و وێنەیەكی ئەوی توند بە سنگییەوە نابوو. بەدەم گریانەوە دەیگوت "بەخێربێن بۆ پرسەی كچەكەم.. سوێند دەخۆم خۆی نەسووتاندووە".
دایكی شەوین دەڵێت "كاتێك سووتا لە نەخۆشخانە پێیانگوتین ئەو كچە جوانە بەو هەموو مكیاژەوە بۆ سووتاوە، ئەوانیش دەیانزانی خۆی نەسووتاندووە، كاژێر 9:30 ی شەو سووتا و 9:30ـی بەیانی گیانی دەرچوو".
(ئا.ف) كە پوورزای شەوینە بە (رووداو)ی گوت "شەوین كچێكی جوان و زۆر بە هیوا بوو لە ژیاندا، ئەوەی لە خەیاڵی نەبوو مردن بوو، زۆر حەز و ئاواتی هەبوو، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا پێیان بگات، ئێستا نیانی خوشكی ئاگاداری مەرگی خوشكەكەی نییە، ئەگەر بزانێت شێت دەبێت كە ئێستا تاقانە ماوەتەوە".
هێشتا گومان لە هۆكاری مردنی شەوین هەیە، چونكە لە پرسەكەیدا كەسێكی نزیكی شەوین گوتی خوشكەكەی بەنزینی كردووەتە سۆبەوە و شەوین ویستوویەتی بیكوژێنێتەوە، بەڵام خۆی گڕی گرتووە، لەكاتێكدا دایكی دەڵێت كچەكەی بەهۆی موەلیدەوە سووتاوە.
سەبارەت بە رێژەی سووتانی كچەكەی، دایكی شەوین گوتی "كچە گەورەكەم پزیشكە و تەمەنی 31 ساڵە، 40%ی جەستەی سووتاوە و بارودۆخی تەندروستیی جێگیرە، بەڵام شەوین رێژەی سووتانەكەی 100% بوو، تەنانەت قوڕگیشی سووتابوو، نەیتوانی قسە بكات".
پۆل پۆل هاوڕێیانی زانكۆ دەهاتن بۆ سەرەخۆشی. هاوڕێیەكی نزیكی شەوین بەناوی (خ. ر) كە لە پرسەكەی دانیشتبوو، بە (رووداو)ی گوت "شەوین كچێكی مەرد بوو، زۆر گەشبین بوو، قوتابییەكی زیرەك بوو، ئەو رۆژەی رووداوەكە روویدا پێش چەند كاژێرێك تەلەفۆنی بۆ كردم و پێیگوتم یەكشەممە پێویستە دوای موحازەرە دانیشین، دەمەوێت قسەت بۆ بكەم، منیش سەرقاڵ بووم و نەمپرسی كە دەیەوێت لەسەر چ بابەتێك قسەم بۆ بكات، بەڵام چەند جارێك گوتی زۆر بیرت دەكەم، وێنەیەكیشی بۆ ناردم كە ئەو شەوە گرتبووی و بوو بە دوا وێنەی شەوین".
سەبارەت بە ژیانی شەوین و ئەگەری پەیوەندیی خۆشەویستی، ئەو هاوڕێیەی گوتی "سێ ساڵ لەمەوبەر شەوین مارە كرا، بەڵام پێش ئەوەی بگوازرێتەوە لە دەستگیرانەكەی جیابووەوە، لەدوای ئەوە، جارێكی دیكە بیری لە خۆشەویستی نەكردەوە".
خوشكەكەی ویستوویەتی خۆی بسووتێنێ
لەبارەی رووداوەكەوە، پۆلیس قسەیەكی جیاواز لە خێزانەكەی دەكات. رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، خوشكی (شەوین) بەناوی (ن) بەنزینی لە ئۆتۆمبێلی باوكی دەرهێناوە و خۆی پێ سووتاندووە، (شەوین) ویستوویەتی بیكوژێنێتەوە بەڵام خۆی گڕی تێبەربووە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت "پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە بۆ ئاشكراكردن و دڵنیابوون لە راستیی رووداوەكە".