مێرمنداڵە رزگاربووەکەی دەریای ئیجە دەهێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو مێرمنداڵە کوردەی، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لە کاتی نقوومبوونی بەلەمەکەیان لە دەریای ئیجەدا رزگاری بوو، دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان. مامی مێرمنداڵەکەش دەڵێت: "ئەو خۆی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە و لە کۆیە لەگەڵ باپیر و داپیری بژی".
 
رۆژانی 22 و 23 و 24ـی 12ی 2021 سێ بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نقوومبوون، رێوار رێبوار، لەگەڵ خێزانەکەی لە نێو ئەو بەلەمەدا بوون، کە شەوی 23-12-2021 لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتن، باوکی و دایکی و دوو برای خنکان، بەڵام رێوار رزگاری بوو و بڕیاریداوە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
 
رێکان عەبدوڵڵا، کە مامی رێوارە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند: "رێوار ئێستا لە تورکیایە و بڕیارە کاژێر 04:00ی بەیانی رۆژی 4-3-2022 بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
 
رێکان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا رێوار لەسەر داوای خۆی دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دوای ئەوەی دایک و باوکی و دوو برای لەو رووداوەدا لەدەستدان.
 
رێکان، گوتی: "لە دوای رووداوەکە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان هاتنە سەر هێڵ و بڕیاریاندا هاوکار بن بۆ گەڕاندنەوەی رێوار. ئێمەش بریکارنامەکەمان بۆ کاک خەلیل عوسمان، هاوژینی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان کرد، بۆ ئەوەی کاروبارەکانی هێنانەوەی رێوار لە ئەستۆ بگرێت".
 
سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی دایک و باوک و دوو براکەی رێوار، مامی رێوار گوتی: "ئێمە پشکنینی (دی ئێن ئەی)مان بۆ حکومەتی یۆنان ناردووە، چاوەڕێی رەزامەندیی ئەوانین بۆ هێنانەوەی تەرمەکان".
 
رێوار لە کاتی رووداوەکە تەمەنی 11 ساڵان بوو و ئێستا بووەتە 12 ساڵ، بە گوتەی مامی، لە یۆنان یادی لە دایکبوونیان بۆ کردووەتەوە. ئێستا رێوار بڕیاریداوە بگەڕێتەوە شاری کۆیە و لەوێ لەگەڵ باپیری و داپیری بژیت.
 
دوای رووداوەکە، ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کۆچبەران چووە یۆنان، رێوار رێبوار بە ئاڵای گوتبوو، "سوێند بەخوا تەنیا شۆرتێک و فانیلەیەکم لەبەردابوو، خۆم بەقاچی کەسێکەوە گرت ئەگینا منیش دەخنکام."
 
رێوار رێبوار هەروەها گوتبووی: "لە کاژێر 11ـی نیوەڕۆ تووشی ئەو کارەساتە بووین، بەلەمەکە چەند کاژێرێک لەدەوری خۆیدا دەسووڕایەوە، دواتر تەقی، من و دایکم و برا حەوت ساڵانەکەم بەیەکەوە بووین، باوکیشم لە شوێنێکی دیکە بوو، شەپۆلێک هات و لێمانیدا و پەرت و بڵاوی کردینەوە، هیچ هەواڵێکم لەبارەی چارەنووسی خێزانەکەمەوە نییە، هەر دەڵێن ماون و نەمردوون بەڵام نازانم لەکوێن."
 
هەر ئەوکات ئاڵا شاڵی بە تەلەفۆن لەگەڵ باپیری رێوار قسەی کردبوو و هەواڵی زیندووبوونی نەوەکەی پێڕاگەیاندبوو، حاجی عەبدوڵڵا شیوەجانی، گوتبووی، "رێوار بگاتەوە دەستم کەمێک برینی قووڵی من و داپیری ساڕێژ دەبێت، ئەگەر ئەو ببینمەوە وادەزانم هەموویان هاتوونەتەوە."
 
راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی3-3-2022 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، (رێوار ڕێبوار)ی تەمەن 11 ساڵ، رادەستی نوێنەری راسپێردراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراو بڕیارە بەرەبەیانی سبەی هەینی بگاتەوە هەرێمی کوردستان.
 
رێوار، لە رێکەوتی 21-12-2021 لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابوو، دوای لەدەستدانی دایک و باوک و خۆشک و براکانی، لەگەڵ چەند کەسێکی تر رزگاری بوو. 
 
ئەوکات بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم،  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کە رێوار بگەڕێندرێتەوە ناو کەس و کارەکەی لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەدوای ئەوەی کە خانەوادەکەی ئەم داواکاریەیان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد. 
 
لەبەر بچووکیی تەمەنی و دۆخی  نالەباری، بۆ ماوەیەک رێوار لە ژێر چاودێری پزیشکی دابوو، دوای دڵنیابوون لە دۆخی تەندروستی و تەواو بوونی رێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆ ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی کۆماری یۆنان و کونسوڵگەری گشتی ئەو وڵاتە لەهەرێم و باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە ئەسینا دەکات لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگیەی لەو دۆسیەیەدا پێشکەشیان کرد.