لە كەركووك هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەڵكشاندان

رووداو- كەركووك

ئامارێكی دادگای كەركووك وا دەردەخات كە گرێبەستەكانی هاوژینی هاوشانی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەو پارێزگایە روو لە بەرزبوونەوەیە.


بەپێی ئەو ئامارە، وێڕای توندوتیژی و شەڕی دژی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك لەماوەی ساڵی رابردوودا، بەڵام پێكەوەنانی خێزان و گرێبەستی هاوسەرگیری لەو پارێزگایە روو لە هەڵكشان بووە. هاوكات تەڵاق و جیابوونەوەش بەرێژەیەكی كەم زیادی كردووە.

سروود ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی بەپشتبەستن بەو ئامارەی دادگای كەركووك بە (رووداو)ی راگەیاند، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای كەركووك 12 هەزار و 722 گرێبەستی هاوژینی و 2481 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگای كەركووك تۆماركراون، لە كاتێكدا لە ساڵی 2015دا   7648 هاوسەرگیری و 2107 جیابوونەوە تۆماركراون.

زیادبوونی گرێبەستی هاوژینی لە دادگاكانی پارێزگای كەركووك، بە بڕوای سروود بۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە بۆ سنووری پارێزگای كەركووك دەگەڕێتەوە كە سەرەڕای دەرهێنانی شارەكانیان لەدەستی داعش، هێشتا لەوێ ماونەتەوە.

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی ژنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی ئەو ئامارە بە (رووداو)ی راگەیاند "بەپێی ئامارەكەی دادگا دەردەكەوێ‌ ژمارەی گرێبەستی هاوژینی زیادی كردووە، ئەوەش جێی دڵخۆشییە". بەڵام جگە لەو هۆكارەی كە سروود ئاماژەی بۆ كرد، بەبڕوای جوان حەسەن، رێگەدان بە فرەژنی و شووكردنی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵان لە كەركووك هۆكاری زیادبوونی گرێبەستی هاوژینییە.

یاسای باری كەسیی عێراق رێگەی داوە كچان لە تەمەنی 15 ساڵی بە رەزامەندیی وەلی ئەمریان شوو بكەن، هەروەها رێگەی داوە پیاو هەتا چوار ژن بهێنێ‌. ئەم یاسایانە لە هەرێمی كوردستان هەموار كراون، بەڵام پارێزگای كەركووك تاوەكو ئێستاش كار بەو یاسایانە دەكات.

كچانی كەركووك جیاوازن

بڵند زەندی تەمەن 34 ساڵ، ساڵێكە خێزانی پێكەوەناوە، تێچووی ژنهێنانەكەی 17 ملیۆن دینار بووە. بڵند دەڵێت "كچانی كەركووك بە بەراورد بە كچانی ناوچەكانی دیكە زۆر هاوكارن لە كاتی هاوسەرگیری. بۆ نموونە هاوژینەكەم داوای زێڕێكی كەمی كرد، خەرجیی مانگی هەنگوینیشی لەئەستۆ گرت".

چالاكڤانانی ژن لە كەركووك پەسنی كچانی شارەكەیان دەدەن كە زۆر گرنگی بە ئاڵتوون و پێداویستیی هاوژینی نادەن. ئەمەش بەهۆكاری زیادبوونی رێژەی هاوژینی لە كەركووك دەزانن.

سروود گوتی "بەپێچەوانەی كچانی هەرێمی كوردستان كە زۆرجار بۆ شووكردن داواكاری زۆریان هەیە، زۆربەی كچانی كەركووك داوای ئاڵتوونی زۆر یان جیاكردنەوەی ماڵ ناكەن، رەنگە بە ئەڵقە و گوارە و زنجیرێك و مارەییەكی كەم قەناعەتیان بێت".

شكۆفە محەممەد كە ساڵانی هەشتاكان لە پەیمانگە بووە، دەڵێت "زۆربەی ئەو قوتابییە كوڕانەی لە پەیمانگا لەگەڵمان بوون و كەركووكی نەبوون، حەزیان دەكرد كچی كەركووكی بخوازن، چونكە دەیانگوت كچی كەركووكی ئەوەندەی گرنگی بە رەوشتی بەرامبەر دەدەن، ئەوەندە سەروەت و خانوو و ئاڵتوونیان بەلاوە گرنگ نییە".

هەرچەندە ئەو چالاكوانانە زۆربوونی حاڵەتەكانی هاوژینی بە ئەرێنی دەبینن، بەڵام رەخنەش لە هەندێك شووكردن و ژنهێنان دەگرن. شكۆفە گوتی "بەشێك لە گەنجانی خوار 24 ساڵ، بەداخەوە بەهۆی كاریگەری درامای دۆبلاژكراو و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شوو دەكەن، زۆرجاریش شووكردنەكەیان درێژە ناكێشێ‌ و جیادەبنەوە".

سروودیش بەو پێیەی رێكخراوەكەیان تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، دەڵێت "راستە گرێبەستی هاوژینی زۆر بووە، بەڵام رەنگە هەمووشیان سەركەوتوو نەبن، بە تایبەتی هەندێك لەوانەی هاوسەرگیری دەكەن ئاستی رۆشنبیرییان وەكو یەك نییە، بۆ نموونە مامۆستایەكی كچ شووی بەكەسێكی نەخوێندەوار كردووە، ئێستا بەهۆی جیاوازیی ئاستی رۆشنبیرییانەوە كێشەیان هەیە".

شكۆفە محەممەد، باسی لایەنە نەرێنییەكەی زۆربوونی هاوسەرگیری كرد و گوتی لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی شاری كەركووك باسیان لە زۆربوونی حاڵەتەكانی جیابوونەوە كردووە كە بەشێكی پەیوەندی بە زۆربوونی ئەو گرێبەستانەوە هەیە لە دەرەوەی دادگا لەلایەن مەلاوە دەكرێن، بۆیە بەنیازن لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ مەلاكان بكەن".

 زێڕنگەر بازاڕیان لاوازە

سەرەڕای زیادبوونی گرێبەستی هاوژینی لە كەركووك، بەڵام زێڕنگەرەكانی شارەكە دەڵێن ساڵی رابردوو بازاڕیان كز بووە. مەریوان عومەر كە 14 ساڵە زێڕنگەرە بە (رووداو)ی  گوت "ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵانی دیكە فرۆشتنی ئاڵتوون كەمی كردووە، دەتوانم بڵێم لەو ئاڵتوونانەی فرۆشتوومە، 40%ی بۆ هاوسەرگیری بووە كە ئەوەش رێژەیەكی كەمە و هۆكارەكەشی دۆخی داراییە". مەریوان باسی هەندێك لەو كچانەی كرد كە شوویان كردووە و زێڕیان لەلای ئەو بردووە "كچ هەبووە تەنیا ئەڵقە و گوارە و ئەنگوستیلەیەكی كڕیوە، هەبووە تەنیا پێنج مسقاڵ زێڕی ویستووە، كچیش هەبووە تەنیا ئەڵقەیەكی هەڵگرتووە".