خێرخوازێک لە دهۆک خەرجی ئاهەنگی هاوسەرگیری 27 گەنجی لە ئەستۆ گرتووە

رووداو دیجیتاڵ

دوو گەنجی دهۆک کۆتا رۆژیان بە سەڵتی بەڕێدەکەن و دەچنە ژیانێکی نوێوە. یەکێک لە زاواکان دوو ساڵە دەزگیراندارە و لەبەر دۆخی دارایی نەیگواستوەتەوە. 
 
وارهێل محەمەد، یەکێکە لە زاوایەکان و دەڵێت، "ئەوە دوو ساڵە دەزگیراندارم و لەبەر هەلومەرجی دارایی و کار نەمتوانی بیگوازمەوە. سوپاسی کاک کاروان مزوری دەکەم کە یارمەتی داین و ئێمەی بەم رۆژە گەیاند و سوپاسی خێرخوازانیش دەکەم."
 
ئەحمەد بەروشکی، زاوایێکی دیکەیە و لەبارەی رۆژی ئاهەنگەکەی دەڵێت، "بەخوا ئەمڕۆ لای من زۆر خۆشە و زۆر دڵخۆشم. نەخشە لە هەموو کوڕ و کچێک بێت."
 
هەموو پێداویستییەکانی ئاهەنگەکە لەلایەن گەنجێکەوە دابینکراون. ئەو گەنجە تاوەکو ئێستا ئاهەنگی بۆ 27 کەس کردووە و 65ـی دیکەش ناوی خۆیان لای ئەو تۆمارکردووە. 
 
کاروان مێسکی، ئەو خێرخوازەیە کە ئاهەنگەکەیان بۆ ئەنجامدەدات و لەبارەی خەرجی ئاهەنگەکان دەڵێت، "ئەگەر مەزەندی بکەین ئەو دوو ئاهەنگە نزیکەی دەفتەرێک دۆلاری تێچووە، بەڵام هەمووی بێبەرامبەر بۆیان دەکرێت، لەگەڵ ئەمەش کۆمپانیایەک پشتیوانیمان دەکات. تەنانەت دۆشەکی ژێر بووک و زاوا، خواردن و هۆتێلیش ئێمە دابینی دەکەین، تەنیا زێڕی تێدا نییە."
 
تاوەکو ئاهەنگەکە تەواو دەبێت، ئەو خێرخوازە چاودێرییان دەکەن. هەندێک جار ماڵ و منداڵی خۆی بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەوەی ئاهەنگەکە بێسەروبەر نەبێت. 
 
کاروان مێسکی هەروەها باس لەوە دەکات، "ئەو زاوایانەی ئێمە هەڵیاندەبژێرین ئەوانەن کە بێ دایک و باوکن یان کوڕە شەهیدن و لەبەر هەژاری نەیانتوانیوە ئاهەنگەکەیان بکەن.لە رێگەی ئەم کارە ئاستەنگم بۆ دروست دەبێت، من ئەو کارە خێرە دەکەم و منیش خاوەنکارم و نامەوێت کارەکەم لەدەست بدەم، منیش خاوەن خێزانم و کەمێک لە رووی مادیی کارم لێدەکات."
 
ئەوەی بەربەستە لە بەردەم ئەو خێرخوازە، لایەنی مادییە، ئەگەر یارمەتی دارایی بدرێت، ئاهەنگەکە دوو بەرامبەر و سێ بەرامبەر دەبن و خەڵکی زیاتریش دڵخۆش دەبن.