لە کرماشان سێ کرێکار بە گاز خنکان

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوزاریی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە شارۆچکەی سونقوڕئاوای سەر بە شاری هەرسین، سێ کەس بەهۆی گازەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 3-1-2023 روویداوە، ئەکبەر ئازادی، بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەو سێ کەسە کرێکار بوون و دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کە دووکەڵی گاز لێیداون، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێستوون.
 
بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پارێزگای کرماشان دەشڵێت، هەرچەندە هەوڵێکی زۆر بۆ رزگارکردنیان دراوە، بەڵام هەوڵەکانی تیمی فریاگوزاری و پزیشکان، هیچ ئەنجامێکی نەبووە و هەر سێ کەسەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوزاریی پارێزگای کرماشان، لە مانگی رابردوودا شەش کەس لەو پارێزگایە بە گاز خنکاون کە سێ کەسەکەی دیکە لە ئیسلامئاوا و سەرپێڵ زەهاو بوون.