بەهۆی بەفر و بەستەڵەک رێگای دەروازەی کێلێ گیراوە

رووداو - راپەڕین

ماوەی سێ رۆژە بەهۆی بەفر و بەستەڵەک رێگای دەروازەی کێلێ گیراوە و مامەڵەی بازرگانی لەنێوان باشووری کوردستان و وڵاتی ئێران وەستاوە، لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش ئەو هاونیشتمانیانە بێکاربوونە کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم دەروازەیە.

جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین سەبارەت بە داخرانی رێگاکە بە رووداوی راگەیاند : "گیرانی ئەو رێگایە زیانی بۆ کەمبوونەوەی داهات و ژیانی هاونیشتمانیان هەیە، لەسەر رێگاکەش چەند گوندێک هەیە کەپێویستە و داواشمان کردووە رێگاکە لە بەفر پاک بکرێتەوە".

بەهۆی گیرانی بەشێک لە دەروازەکانی باشووری کوردستان سەدان هاونیشتمانی بێکار ماونەتەوە، سەدان ملیۆن دیناریش زیان بەر ئابووری باشووری کوردستان کەوتووە.

کاروان جونەد، شۆفێرێکی بارهەڵگرەو دەڵێت" لەسەر دەروازەی کێلێ 400 شۆفێر بژێوی ژیانی لەسەر ئەو دەروازەیەیە، بەڵام کێشە ئەوەیە بەردەوام ئامێری پاککردنەوەی بەفری لێ نییە".

تیمەکانی پاککردنەوەی رێگاوبان بەهۆی زۆری بەفر و سەختی ناوچەکان نەیانتوانیووە رێگای سەرجەم دەروازەکان پاک بکەنەوە، لە هەندێک دەروازەش بەکارهێنانی زنجیر کراوەتە مەرج لەسەر ئەو شۆفێرانەی دەچنە دەروازەکان.

بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پارستنی رێگاوبانی راپەڕین دەڵێت" ئێمە بەپێی کەشناسی سەیر دەکەین کە بەفر کۆتاییهات ئەوکات دەست بە پاککردنەوە دەکەین، چونکە کێشە ئەوەیە لە کاتی بەفربارین شوێنێک پاک دەکەینەوە یەکسەر بە بەفر دەگیریتەوە".