رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دەستەی ئەحرار شام، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەردەوامە. دۆخی مەیدانی یارمەتیدەرە بۆ پێشڕەویی زیاتر و ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ نیازێکی خراپمان لە دژی عێراق نییە."
ئەحمەد دالاتی، جێگری سەرۆکی دەستەی ئەحراری شام، کە هاوکات یەکێکە لە فەرماندەکانی ژووری بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە شەڕ و پێکدادانەکان لە دژی سوپای سووریا لە حەلەب، ئیدلب و دەشتی حەما بەڕێوەدەبات، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد.
ئەحمەد دالاتی گوتی "دۆخی مەیدانی، یارمەتیدەرە بۆ پێشڕەویی زیاتر. سەرنجی تەواومان لەسەر حەلەب و ئیدلبە بە دەشتاییەکانیانەوە. ئاراستەمان بەرەو هەردوو دەشتی رۆژهەڵات و باکووری حەماـیە." ئاماژەی بەوەشدا "هێزەکانمان نەگەیشتوونەتە ناوەندی شاری حەما، بەڵام هێزەکانی رژێم زۆر ترسیان لە پێشڕەوییەکانمان هەیە. ئێمەش هەوڵدەدەین دۆخەکە بقۆزینەوە."
راشیگەیاند دەستەی ئەحرار شام "کۆنترۆڵی ژمارەیەک گوندی دەشتی رۆژهەڵاتی حەمای کردووە. هەوڵەکانمان چڕکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی گوندەکانی دیکە تاوەکو دەگەینە ناوەندی شاری حەما."
ئەو فەرماندەیەی ئۆپۆزسیۆن ئەوەشی خستەڕوو "رژێمی سووریا و میلیشا ئێرانییە هاوپەیمانەکەی کە سووریایان داگیرکردووە، هەمیشە پرۆپاگەندەی ئەوەیان کردووە شۆڕشی سووریا و رۆڵەکانیان پەڕگیر و تیرۆریستن، بەڵام لە قۆناخی یەکەمدا ئەم تایبەتمەندییە هەبووە بەهۆی تێکەڵبوونی گرووپێک کە پێشتر لە ئەزموونی عێراقدا بەشدار بوون. بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و خۆمان رووبەڕوویان بووینەوە. دۆخی هەنووکەییش باشترین بەڵگەیە. هەروەها هەڵوێستمان لە دژی داعش روونە بە هەموو هێزمان شەڕمان کرد و کۆتاییمان بە هەژموونیان هێنا لە ناوچەکانمان. ئەوان بۆ ئێمە و هەموو وڵاتانی دراوسێ مەترسین."
جەختی لەوەشکردەوە "ئێستا داعش لەو ناوچانەی لەژێر هەژموونی رژێمی سووریادا کارا و بەهێزن. بە پاڵپشتی و پارەدارکردنی هەواڵگریی سووریا چالاکی دەکەن."
باسی لەوەشکرد، "گرووپەکانی ئێستای ئۆپۆزسیۆن کۆتایی بە دیاردەی داعش لەو ناوچانە دەهێنێت کە کۆنترۆڵی دەکات. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە هیچ نیازێکی خراپمان لە دژی عێراق نییە."
داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد هاوکار و پشتیوانیان بن "بۆ رزگاربوون لە رژێمی تاوانباری داپلۆسێنەر کە 12 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی ئاوارە و دەربەدەر کرد. هەروەها سەرجەم دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی کەنداو و تورکیای رەتکردەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە."
دەشڵێت "دوای 13 ساڵ، دەبینین [حکومەتی سووریا] بەردەوامە لە تاوانەکانی. بەمەش نەوەستا کێشەی ئەمنی زۆری هەناردەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کرد. لەمانەش بەرهەمهێنانی تیرۆر، کۆچکردنی خەڵک و بازرگانیکردن بە مادد هۆشبەرەکان. بۆیە پێویستە هەمووان پشتیوانمان بن بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە لەپێناو دامەزراندنی سیستمێکی نوێی خۆجێی و نیشتمانیی لە سووریا، کە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێش لەبەرچاودا بگرێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە رووداوی گوت "خاوەن تێڕوانینی سیاسیی جوداخوازین. ئەوان، درێژەپێدراوی میلیشیایەکن بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکات لەسەر سنووری عێراق و تورکیا. ئەم تێڕوانینە قبووڵکراو نییە. هەرچەندە کێشەمان لەگەڵ کورد نییە لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی سووریای سەربەخۆ، بەڵام کێشەمان لەگەڵ پەکەکە هەیە بەهۆی ئەوەی ئەوان خاوەنی بیرۆکە و تێڕوانینی جوداخوازین. بە رەفتاری سیاسیی و کردەوە تیرۆریستییەکانیان."
راشیگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکە لە ئەنجامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی رژێمی سووریا بۆ سەر بەرەکانمان لە ناوچە سنوورییەکان بووە کە بەردەوام بە چەکی SPG خەڵکی سڤیلیان دەکردە ئامانج. بەهۆیەوە نزیکەی 150 هەزار خەڵکی سڤیل ئاوارە و دەربەدەر بوون. گوتیشی: "رژێم هەوڵدەدات قەیرانەکەی بەوە کەمبکاتەوە کە تۆمەتبارمان بکات بەوەی ئێمە ئەجیندای زایۆنیزمین."
هەروەها گوتی "ئامانجی سەرەکیمان رووخاندنی رژێم و دامەزراندنی سووریایەکی سەربەخۆیە بە سیستمێکی سیاسیی نوێ کە سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا تێیدا بەشدار بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ