راگەیاندنی پەرلەمان: تائێستا هیچ بەربژێرێکی سەرکەوتوو نەیگوتووە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەم
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بەشدارینەکردنی هیچ بەربژێرێکی دەرچوو یان لیستێک لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتووەتە دیوانی پەرلەمانی کوردستان.
سامان ئەحمەد، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی نووڕۆژی رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێدەکات و سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون. هۆڵی کۆبوونەوەکە لە رووی تەکنیکی و هونەرییەوە ئامادەیە، لیژنەکانی کاروباری پەرلەمان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ وەرگرتنی ناو، واژۆ، ژمارەی تەلەفۆن و سیڤیی پەرلەمانتارەکان.
سامان ئەحمەد روونیشیکردەوە، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بەشدارینەکردنی هیچ بەربژێرێکی دەرچوو یان لیستێک لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتووەتە دیوانی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر هەر یەکێکیان یان لیستێک لەماوەی 90 رۆژدا نەهاتە پەرلەمان بۆ سوێندخواردن، ئەو مافەیان نامێنێت و رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتییە، بەڵام ئەگەر ژمارەی پێویستی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکە نەبوو، دانیشتنەکە بە کراوەیی دەهێڵدرێتەوە.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لەلایەن بەتەمەنترین بەربژێری دەرچووەوە بەڕێوەدەچێت، کە محەممەد سلێمان، بەربژێری سەرکەوتووی نەوەی نوێیە لە پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ راگەیاندنەکان کراوە دەبێت و هیچ میوانێکیشی بۆ بانگهێشت نەکراوە.
بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات، دواتر خولەکێک بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کوردستان دەوەستن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئەم بڕگانە هەن:
- بانگهێشتی بەتەمەنترین بەربژێری ئامادەبوو لە پاڵێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەم لە 11 و بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان.
- سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم بەربژێرە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی مادەی 12 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا.
26-11-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024 دەرکرد بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت."