رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتێکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رووداوی راگەیاند، واشنتن دەیەوێت لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا یارمەتیی عێراق بدات. ئاماژەی بەوەش کرد نابێت یارمەتییەکان تەنیا لە رووی داراییەوە بن، بەڵکو دەبێت تەکنیکیش بن.
ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە، لە شاری دوبەی ئیماراتەوە لە بووڵتەنی نیورۆژی رووداو کە نمە نەبەز پێشكێشکیکرد، بەشدار بوو.
وێربێرگ، لە رێگەی پەیوەندیی سەتەلایتەوە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد "پەیوەندییەکی پتەو و بەهێز" لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە و دەیانەوێت لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوئاهەنگی بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداریکردنی عێراق لە 28ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا "زۆر زۆر گرنگە. چونکە دەزانین و بینیومانە لە چەندین ساڵی رابردوودا ئەم وڵاتە چۆن بەهۆی بەبیابانبوون، نەمانی دارستان و وشکەساڵی زیانی بەرکەوتووە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقی خاوەن پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوت، پێنجەم زیانمەندترین وڵاتە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا.
رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجیی (NRC)ـی پەنابەرانیش لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوای عێراق "خێراترە لەوەی دانیشتووانی بتوانن خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن."
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە 26ـی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، 60٪ـی جووتیارانی ئەنبار، کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین لە وەرزی کێڵانی ساڵی 2023 ناچاربوون چاندن و بەکارهێنانی ئاو کەمبکەنەوە، لە 12 مانگی رابردوودا لە هەر پێنج کەس، چواریان ناچاربوون خەرجیی خۆراک کەمبکەنەوە، دەشتی نەینەوا ئاماژەی ئەوەی لێ بەدیدەکرێت ببێتە یەکێک لە شوێنەکانی چڕبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە دۆخی کەشوهەوا، ئاشتی و ئاساییشی ناوچەکە متمانەی لای خەڵکەکە نەهێشتووە، هەروەها لە هەر چوار جووتیاری شنگال و بەعاج، یەکێکیان ئەم ساڵ ناچار بووە واز لە کشتوکاڵکردن بێنێت.
لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە سەرکردەی وڵاتان و رێکخراوەکان لە دوبەین بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پلانەکانی بەرەنگاربوونەوەیان.
ئیماراتی وڵاتی میونداری لووتکەکە سندووقێکی 30 ملیار دۆلاریی راگەیاند بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتانەی بەهۆی وشکەساڵی، لافاو، گەرما و لێکەوتەکانی دیکەی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە.
ساموێل وێربێرگ راگەیاندنی ئەو سندووقە بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناودەبات.
گوتیشی ئەمریکا لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی، یارمەتیی وڵاتان دەدات، لەنێویاندا عێراق، بەڵام روونیشیکردەوە "یارمەتیدان تەنیا رووی دارایی ناگرێتەوە، بەڵکو یارمەتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا پێویستە لایەنی تەکنیکیش بگرێتەوە."
ئەو دیپلۆماتە ئەمریکییە باسی لەوە کرد، عێراق "توانای گەورەی" هەیە بۆ دەستبەردان لە وزەی نەریتی و رووکردنە وزەی سرووشتی، بەتایبەت وزەی خۆر.
وێربێرگ هۆشداریشی دا کە گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەریی لەسەر ئاڵنگارییەکانی دیکەی وەک بەرەنگاربوونەوەی سەرڵهەدانەوەی داعش و قەیرانی ئاوارەکان دەبێت.
بەپێی راپۆرتەکەی NRC "بۆ 1.2 ملیۆن کەس کە هێشتا بەهۆی ململانێکانەوە لە ئاوارەییدا دەژین، هەروەها بۆ ملیۆنان کەس کە گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، یان نیشتەجێ کراونەتەوە، یان گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، خەریکە وشکەساڵی، زەحمەتیی دابینکردنی بژێوی و تێکچوونی ئاساییشی خۆراک، دەبنە لەمپەر لەبەردەم باشبوونەوە و هەستانەوەیان دوای چەندین ساڵی ململانێ."
نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ئابی ئەمساڵدا باسی لەوە کرد پێنج هەزار تاوەکو حەوت هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون. وێربێرگ دەڵێت "هەموو ئەم ئاڵەنگارییانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: بە بڕوای ئێوە سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی لە کۆپ 28 دەدرێن، بکرێنە کردار؟
ساموێل وێربێرگ: سەرکردەی هەموو وڵاتان، لەنێویاندا ئێمە لە ئەمریکا، لەم رۆژانەدا لە کۆپ28 سەرنجمان لەسەر چەند کارێکی لەپێشینەی گرنگە، لەوانەش، یەکەم: هەڵسەنگاندنی جیهانی؛ واتە چەندین ساڵ دوای رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس، پێویستە سەیربکەین و بزانین چیمان بەدەستهێناوە و چی لە پێشمان ماوە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بەدەستیبێنین. واتە هەڵسەنگاندنی جیهانی، کاری لە پێشینەی یەکەمە. دووەمیشیان سندووقی زیانەکانە، کە خۆشحاڵییەوە لە رۆژی یەکەمەوە دەستکەوتێکی گەورەمان بەدەستهێنا کاتێک د. سوڵتان جابر لە لایەنی ئیماراتی دانان و جێبەجێکردنی سندووقێکی نوێی راگەیاند، کە هەموومان لە ساڵی رابردوو لە کۆپ 27 لە شەرمشێخ کارمان لەسەری دەکرد. واتە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەبوو لە رۆژی یەکەمدا. سێیەمیشیان بریتییە لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی لە قۆناخی وزەی بەردینی دەربازبین بۆ قۆناخی وزەی نوێ.
رووداو: بەشداریکردنی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا چۆن دەبینن؟
ساموێل وێربێرگ: ئێمە بەشداریی هەموو وڵاتێک بە گرنگ دەبینین و بەشداریی عێراقیش زۆر زۆر گرنگە. چونکە دەزانین و بینیومانە لە چەندین ساڵی رابردوودا کە چۆن ئەم وڵاتە، واتە عێراق، بەهۆی بەبیابانبوون، نەمانی دارستان و وشکەساڵی زیانی بەرکەوتووە. گرنگە گوێبیستی ئەو وڵاتانەی وەکو عێراق بین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێمە وەک ئەمریکا، پێشوازی لە بەشداریی بەهێزی عێراق دەکەین.
رووداو: ئەمریکا چۆن یارمەتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی پێگەیاندوون، بۆ نموونە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
ساموێل وێربێرگ: توانای ئەوەمان هەیە لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵی یارمەتی پێشكێش بکەین، بۆ نموونە یارمەتیی هەر وڵاتێک بدەین، لەوانەش عێراق. ئێمە ئەو توانایەمان هەیە، بەڵام لەوە زیاتر، ئێستا هەموو ئەم دەستپێشخەرییە نوێیانەمان هەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەک ئەم سندووقە نوێیە کە سەرۆکی کۆپ 28 رایگەیاندی. سندووقی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاشکرایکرد. هەروەها سندووقی کەشوهەوای سەوز و چاڵێنجی مانگی سەوزمان هەیە. لەسەر ئاستی پەیوەندیی دووقۆڵیش، ئێمە وەک ئەمریکا یارمەتیی وڵاتان دەدەین. واتە توانای گەورەمان هەیە، بەڵام پێویستە بزانین کە یارمەتیدان تەنیا رووی دارایی ناگرێتەوە، بەڵکو یارمەتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا پێویستە لایەنی تەکنیکیش بگرێتەوە.
رووداو: بەهۆی وشکەساڵی، دیاردەی کۆچ لە عێراق زیادیکردووە، ئەمریکا لەو بارەیەوە هیچ هاوئاهەنگیێکی لەگەڵ عێراق هەیە؟
ساموێل وێربێرگ: رەنگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە من باشتر زانیاریی هەبێت، بەڵام بە گشتی، ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی پێویست پێشكێش بکەین، ئێمە پەیوەندیێکی تۆکمە و بەهێزمان هەیە لەنێوان ئەمریکا و عێراق و دەمانەوێت هەموو یارمەتیێکی پێویستی پێشكێش بکەین تاوەکو لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکار و هاوئاهەنگ بین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەموو ئاڵەنگارییانەدا. ئاماژەتان بە خاڵێکی گرنگ دا. چۆن گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکاتە سەر ئاڵەنگاڕییەکانی دیکە و چۆن ئاڵەنگارییەکانی دیکەی وەک گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک داعش و هەروەها ئاوارەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت؟ هەموو ئەم ئاڵەنگارییانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.
رووداو: لە بواری وزەی نوێبووەوە ئەمریکا هیچ پڕۆژەیەکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
ساموێل وێربێرگ: ناتوانم بە ناوی حکومەتی عێراقەوە قسە بکەم، بەڵام وەک حکومەتی ئەمریکا، ئێمە توانایەکی گەورە دەبینین ئەگەر سەیری ئەو رۆژانە بکەین کە لە عێراق خۆرەتاون. ئێمە دەزانین هەموو ئەم وڵاتانەی ناوچەکە رۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆردا. دەمانەوێت لەگەڵیاندا کار و هاوئاهەنگی بکەین لەسەر ئەم بابەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ