هەسەدە هەموو هاوئاهەنگییەکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوپەیمانان رادەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت، هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆری بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە راگرتووە. ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی داعش نەوەستاون.
 
رۆژی هەینی 2ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئارام حەنا، گوتەبێژێکی هەسەدە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت: "هەموو هاوئاهەنگییەک و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوپەیمانان و هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە تایبەتییەکانیش کە ناوبەناو دەمانکردن، راگیراون." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی 30ـی تشرینی دووەم، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش نەوەستاون. رایدەر گوتی: "ئێستا شەڕی دژی داعش بەردەوامە، بەڵام گەڕانی هاوبەشمان کەمکردووەتەوە. بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەتایبەتی هێرشی زەوینی، ئەو دەستکەوتانەی بەزەحمەت لە دژی داعش بەدەستهێندراون، دەخاتە مەترسییەوە و ناسەقامگیرییش لە ناوچەکە دروست دەکات."
 
پێشتریش رۆژی 29ـی تشرینی دووەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای هەڵوێستێکی "تووندتری" لە ئەمریکا کرد سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ئێمە پێویستیمان بە راگەیێندراوی بەهێزتر و کۆنکرێتیی هەیە بۆ ئەوەی تورکیا بوەستێنن." 
 
شەوی 19 لەسەر 20ـی تشرینی دووەم، یەکەم فڕۆکەی سوپای تورکیا لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە بۆ بۆردوومانکردنی چەند پێگەیەک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ - شمشێر" فڕی. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتی، ژمارەیەک پێگەی هەسەدەیان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆردوومانکردووە.  
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە رۆژی 26-11-2022 رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ئەو هێزانەی کە لە دژی داعش شەڕ دەکەن، خۆیان بوونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە، هەروەکو بینیتان، هێرشکرایە سەر کامپی هۆل و گرتووخانەکان. ئەوەش وایکرد تێکۆشینەکانمان بەناچاری بوەستێنین." 
 
لە ساڵی 2016ـەوە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە؛ لە ئابی 2016دا تورکیا دەستی بەسەر جەرابلوس و ئەعزازدا گرت. سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لە لایەن ئەنقەرەوە دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت. لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان داگیرکرد. 
 
ئێستاش سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر تل رەفعەت، منبج و کۆبانێ دەکات کە هەموویان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بچێتە پێشەوە.