هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە دەستیان بە گەڕانی هاوبەش کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستیان بە گەڕانی هاوبەش کردەوە.
رۆژی 20-11-2022، سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی بۆردوومان و تۆپباران کرد و ئەوەش وایکرد، هەسەدە گەڕانە هاوبەشەکانی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رابگرێت و سەرنجی خۆی بخاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا، وەک گرێ سپی.
بەڵام ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەیەکی رمێلانەوە لە پارێزگای حەسەکە دەستیان بە گەڕان کرەوە و ئۆتۆمبێلی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش لەگەڵیان بوون.
هاوکات گەڕانی هاوبەشی هاوپەیمانان و هەسەدە لە پارێزگای دێرەزووریش بەڕێوەچوو.
ئامانج لە گەڕانە هاوبەشەکان بریتییە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی شانە نووستووەکانی داعش.
بەرپرسێکی باڵای هەسەدە لەوبارەوە رایگەیاند، گەڕانە هاوبەشەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و شەڕڤانان دوای ئەوە دەستیپێکردەوە کە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کەمبووەوە.
پێش دەستپێکردنی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، هەفتانە نزیکەی 20 گەڕانی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە هەبوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە.
پێنتاگۆن چەندینجار رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی مانەوەیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا رووبەڕووبوونەوەی داعشە.