کاروباری کۆمەڵایەتی: بەساڵاچووان داوای مەولوود و لایڤ موزیکمان لێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان 162 بەساڵاچوو لە خانەکانی بەساڵاچووانن. دەشڵێت هەندێک لە بەساڵاچووان داوای لایڤ میوزیک و خوێندنەوەی مەولوودیان لێدەکەن، ئەوانیش داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەن.
چوارشەممە 2 تشرینی یەکەمی 2024، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا لە سەرجەم خانەکانی بەساڵاچووان 162 بەساڵاچوو دەمێننەوە، زۆرترینیان لە شاری هەولێرن، کە ژمارەیان 59 بەساڵاچووە، لە سلێمانیش 53 بەساڵاچوو، لە دهۆک 38 بە ساڵاچوو و لە ئیدارەی گەرمیانیش 12 بەساڵاچوو لە خانەکانی بەساڵاچووان دەمێننەوە.
ئاریان ئەحمەد گوتی "هەموو خزمەتگوزاریێکی تەندروستی لە خانەی بەساڵاچووان بەردەستە، هەموو پێداوستییەکانیان لە خواردن، خواردنەوە و خۆراک بۆ دابین دەکەین و مانگانە 45 هەزاریان پێدەدەین بۆ خەرجیی رۆژانەی خۆیان."
سەبارەت بە داواکاریی بەساڵاچووان، گوتەبێژی وەزارەتی کار گوتی "داواکاریی جۆراوجۆریان هەیە، بۆ نموونە داوای مەولوود و لایڤ موزیکمان لێدەکەن، هەر هونەرمەندێکیان بوێت بۆیان بانگهێشت دەکەین، هەر بۆنەیێکیان بوێت بۆیان رێکدەخەین."
لە هەرێمی کوردستان پێنج خانەی بەساڵاچووان هەن، دوو خانە لە هەولێر، یەک خانە لە سلێمانی، یەک خانە لە دهۆک و خانەیەکیش لە گەرمیان.
ئاریان ئەحمەد باسی لە دۆخی خانەکان کرد و گوتی "خانەکانی بەساڵاچووان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن."
سەبارەت بەو کەسانەی دەچن یان دەهێندرێنە خانەی بەساڵاچووان، ئاریان ئەحمەد گوتی "زیاتر ئەوانەن کە کێشەی خێزانییان هەیە."