بەرپرسێکی کۆمەڵە: خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامێکی شیاوی بۆردوومانەکانی ئێرانیان دایەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکەی 1ی تشرینی یەکەمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە "کەموێنە" ناوبرد و دەڵێت، "ئێران وەڵامی شیاوی وەرگرتەوە و ئەمەش شکستێکی گەورە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی."
رۆژی یەکشەممە 2-10-2022 رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشت بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری دەبەستین، ئەو شێوە خەباتە خەڵک زیاتر پەروەردە دەکات و جەماوەرێکی زیاتر دەتوانن پێوەی پەیوەستبن، هاوکات ئەو شێوازە خەباتە تێچووی کەمترە."
لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گوتی، "خۆپێشاندانەکان بەردەوام دەبن، راستییەکەی شۆڕش لە ئێران لە زستانی ساڵی 2017وە دەستیپێکرد و زیاتر لە 160 شاری ئێرانی گرتەوە، بەڵام بێبەزەییانە سەرکوتکرا، ساڵەکانی 2019 و 2021 ناوە ناوە سەریهەڵداوەتەوە و ئەگەر ئەمجارەش سەرکوتبکرێت، بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە."
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، وەکو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لەو خۆپێشاندانانە دەکەن و رێکخەری ئەو خەبات و بەرخودانەن.
لەبارەی ناردنەوەی هێزی چەکدار بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەعبی رایگەیاند، "داوا دەکرا کە کاتی هاتووە هێزی چەکدار بچنەوە نێوخۆی رۆژهەڵات و بۆ ئەمەش ناوەندی هاوکاری هەڵوێستی روونی خۆی راگەیاند و دەرکەوت کە هەڵوێستی دروستی گرتووە لە نەناردنەوەی هێزی چەکدار. باوەڕمان وایە بۆ ئەم قۆناخەی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی مەدەنی و سیاسی وەڵامدەرەوەیەکی باشترە."
حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو هەڵوێستەکانیان بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی سێ هەفتەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یەکگرتوو بوو و بە هاوبەشی بڕیاریان دەدا، رەزا کەعبی پێیوایە، "لە ماوەی ئەو 15 رۆژی ناڕەزایەتییانە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جێگە و پێگەیەکی جیاوازی لە جارانی هەم لە نێوخۆی رۆژهەڵات و هەم لەنێو حیزبە ئێرانییەکانیشدا پەیداکرد، بۆیە بۆ مانگرتنەکەش سەرجەم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە چەپ و راست و لیبڕاڵەوە پشتیوانییان لە بانگەوازەکەمان کرد."
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس شەهید بوون، دوو پێشمەرگە بێسەرشوێن بوون و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.
سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەم رووداوە، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت، "چاوەڕوانبووین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەهێزتری هەبێت، بەڵام لە پێشاندانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە میدیاکانیان کەموێنە بووە، بەتایبەت بۆ بزووتنەوە و داخوازییەکانی کوردستان. بەدەر لەمەش 54 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستیان وەرگرتووە."
بە گوتەی رەزا کەعبی، ئێران لەو هێرشەی بۆسەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردی، زیانی کرد و "دوێنێ ملیۆنان خەڵک دژی ئەو هێرشانە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵوێستیان وەرگرت، بۆیە ئێران وەڵامی شیاوی خۆی وەرگرتەوە." دەشڵێت، "راستە ئێمە قوربانی و شەهید و بریندارمان هەبوو، بەڵام بە بڕوای من شکستێکی قورس بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران."
ماوەی ساڵێکە هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان پرۆسەی یەکگرتنەوەیان دەستپێکردووە و لەبارەی ئەنجامی پرۆسەکەش، ناوبراو دەڵێت، "ماوەی سێ مانگە ئەو پرۆسەیە وەستاوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەستپێدەکەینەوە و هەوڵدەدەین بە زووترین کات ئەو یەکگرتنەوەیە سەربگرێت."