بەهۆی بۆردوومانی ئێران لە گوندێکی چۆمان کەسێک برینداربوو و بەشێک لە خەڵکەکەشی جێی دەهێڵن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران سێ درۆنیان ئاراستەی گوندێکی نزیک لە سەنتەری قەزای چۆمان کرد، درۆنەکان یەکیان نە تەقییەوە و دووانیشیان بە خانوویەکدا تەقینەوە و کەسێکیان بریندارکرد؛ درۆنەکان وێرانەیەکیان لە شوێنەکە دروستکردووە و خەڵکی ناوچەکەیان خستووەتە ترس و دڵەڕاوکێ-وە. 
 
پارچەی ئەو درۆنانە کە بە شوێنەکەدا تەقیوونەتەوە، دروستکراون لە فافۆن، ئەو پارچەیەی نەتەقیووەتەوە پڕیەتی لە بارووت، شوێنی کلیل و قفڵی لە سەرن، کۆد و ژمارەی زۆر بە درۆنەکانەوەن؛ ئەو شوێنانەی بەریان کەوتووە هەڵیان تەکاندوون و دەوروبەریشیان سووتاندووە. 
 
عەبدولرەزاق وەردی، گوندنشینێکی سنووری چۆمانە و دەڵێت، "دوو دانەیان تەقینەوە و یەکیان نەتەقییەوە، پشت ماڵێک ئاگری گرت، خەڵک چوون و کوژاندیانەوە؛ دواتر خەڵکی بەرەو چۆمان رایانکرد و بەردەوام تەلەفۆن دەکەن تاوەکو بزانن سەلامەتین."
 
ئەمجارەیان هێرشی درۆنەکانی ئێران لە چەقی گوندێکی ئاوەدان بووە. ئەو خانووەی بۆردوومان کراوە تەنها چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای چۆمانەوە دوورە. عەبدولستار وەردی، موختاری گوندی وەردەیە و گوتی، "وەردە گەڕەکێکە لە چۆمان، تەنیا ناوەکەی گوندە ئەگەرنا گوندەکە قەرەباڵخە و 120 ماڵی تێدایە، بەڵام ئێستا هەمووی 10 کەسی لێ نەماوە و هەڵاتوون بۆ چۆمان."
 
دەنگی گەورەی بۆردوومانەکە و دووکەڵی زۆر و سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکەی چاودێری ئێران بە گوندەکەدا، خەڵکی خستووەتە ترس و دڵەڕاوکێ-وە. 
 
عەبدولوەهاب مەحموود، قایمقامی چۆمان بە وەکالەت بە رووداوی گوت، "چەقی ئاوەدانی بۆردوومانکراوە خەڵکی ترسیان لە دووبارەبوونەوەشی هەیە و ناهەقیش نین چونکە بە دووبارەبوونەوەی زیانی زۆر بەر خەڵکی ناوچەکە دەکەوێت." 
 
ماوەی نۆ رۆژە، سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بە تۆپباران و بۆردوومانی ناوچەکانی باشووری کوردستان کردووە، لە باڵەکایەتی و برادۆست تاوەکو خەڵکی نۆ گوندی ئاوارە کردووە.