چەمکی راڤە و تێگەیشتن لە دیدی مارتن هایدگەرەوە


گەورەترین فەیلەسووفی بوونگەراییە لە سەدەی بیستەمدا، ئەم فەیلەسووفە هەوڵی گەڕان بە دوای مێتۆدێکی دەدا بۆ ئەوەی بوون ڕاڤە بکات، واتە ژیان لەناو خودی ژیاندا ئاشکرا بکات. هەرچەندە زۆر کاریگەربوو بە بۆچوونەکانی مامۆستاکەی (هۆسرەل)، کە خاوەنی فینۆمینۆلۆجیایە (دیاردەگەرایی). دیاردەگەرایی ((خۆی تەرخان دەکات بۆ کارکردن لەسەر ئەزموونی ژیان و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و واقیعی مادیی هەستپێکراو. پێناسەی دیاریش لای هۆسرەل بریتییە لە ڕووداوە هەستپێکراوەکان لە ڕێگەی هەستەکانەوە. ئەو هەستانەی کە سەرچاوەی زانیارین بە شێوەیەکی گشتی.)) [شارەزووری، ٢٠١٥، ل١٣] کەواتە ئەم فەیلەسووفە باوەڕی بە هیچ بوونێک نییە، تەنێ لە چوارچێوەی مەعریفەی خۆی نەبێت. واتە دەبێ سەرەتا بوونەکە لەناو خودی خۆیدا بناسین، مەعریفەمان بەرانبەری هەبێت، ئینجا بە بوون دادەنرێت. 

لێرەدا ڕۆڵێکی لاوەکی بە بوون بەراورد بە خود دەدات. واتە بوون لە دوای خودەوە دێت. بەڵام (هایدگەر) دێت بۆ ئەوەی بوون و جیهان بکاتە ئامانجی توێژینەوەکانی. ئەو دێت ڕاڤەکردنی بوون دەکاتە کاری یەکەمی. دەیەوێ ئەو ڕۆڵە بۆ بوون بگەڕێنێتەوە. بوون لەسەر فۆرمێکی مەعریفی کامڵ داڕێژێتەوە، بۆیەش مێتۆدێکی بۆ دیاردەی بوونی مرۆڤ دانا. بیرکردنەوە سەرەتاکانیشی پرسیار بوو لەبارەی مەعریفەی ئەو بوونە.

(هایدگەر) هەردوو چەمکی خود و ئاگایی وەلا دەنێت و چەمکی (دازاین) بەکاردێنێت. ئەم چەمکە دەلالەتە بۆ (بوون-لێرە)، یان بوون لە جیهاندا. لە کن ئەم فەیلەسووفە بوون بنەڕەتە و هەموو شتێك لەسەر ئەو وەستاوە. بوون چەندین هەبوو لە خۆیدا هەڵدەگرێت. کاتێك باسی ئەم چەمکە دەکات، دەڵێت: "جەوهەری دازاین لە بوونیدایە. بە گوێرەی ئەمە، خەسڵەتەکانی ئەم هەبووە تایبەتمەندێتی هەبوویەکی دەرەکی وەرناگرن کە بەو جۆرە دەردەکەون؛ لە هەموو حاڵەتێکدا [خەسڵەتەکان] ئەگەرەکانی بوونی ئەون و لەمە زۆرتر چیدیکە نین. ئەو بەمشێوەیە هەیە. کاتێك ئەم هەبووە بە "دازاین" ناوزەد دەکەین، چییەتییەکەی ( وەکو چییەتی مێز، خانوو یان درەخت) دەرناخەین، بەڵکو باسی بوونی دەکەین". 

[هایدگەر، ٢٠١٣، ل ٩٣- ٩٤] کەواتە ئەوەی ئەم فەیلەسووفە هەوڵی بۆ دەدات ڕاڤەکردنی بوونی هەبووەکانە نەک چییەتی ئەوان. ئەو کاتێك دەیەوێ لە مێزەکەی بکۆڵێتەوە، دێت لە بوونی مێزەکە، نەک چییەتی مێزەکە دەکۆڵێتەوە. بوون و هەبووەکان هەرگیز لێک جودا ناکرێنەوە. ئێمەی مرۆڤ لە ڕێی ئاگاییمان بەرانبەر بوونی خۆمان لە کۆی بوونەکانی دیکە جوداترین. بەڵام ئەوەی جێی توێژینەوەیە، بوون بنەڕەتە نەک خود، مرۆڤ لە پێشدا دێتە بوونەوە، ئینجا خود و واتایەک بۆ خۆی دروست دەکات، کەواتە بوون بنەڕەتە. "بنەڕەتی بوونی و شێوە ئۆنتۆلۆجیەکەشی لە دوو خاڵدا کۆدەبێتەوە؛ یەکەم، مرۆڤ تاکە بوونێکە پرسیار لە واتای بوون دەکات و توێژینەوەی ئۆنتۆلۆجیانە دادەهێنێت. دووەمیش ئەگەر مرۆڤ نەبێت پرسیارە ئۆنتۆلۆجیەکە و توێژینەوەکەش نابێت". [کەمال، ٢٠٠٤، ل٥٢] لێرە منی ڕەها، یان خودی ڕەها ڕەت دەکاتەوە، چونکە مرۆڤ خودێکی ڕەها نییە. لێرەوە بەرەو هێرمینۆتیکی هایدگەر دەچین.

بەبڕوای ئەم فەیلەسووفە، هێرمینۆتیکا تەنێ هونەری تێگەیشتن لە دەق نییە، بەڵکوو هونەرێکە دەتوانین بە هۆیەوە لە بوون بگەین. کەواتە هەموو تێگەیشتنێک، تێگەیشتنێکی کاتەکی و مێژووییە، ئەمەش پرۆسێسەیەکی عەقڵی نییە، بەڵکوو پرۆسێسەیەکی بوونگەراییە. کەواتە ئێمە تاکوو لە بوون نەگەین، ناتوانین لە هەبووەکانی دیکە بگەین. مرۆڤیش بوونێکە لەناو بوونە گشتییەکە، تاکوو لەو بوونە گشتیە نەگەین، ناتوانین لە بوونی مرۆڤ بگەین. کەواتە هەموو تێگەیشتنێک لە جیهان دەبێتە بوون خۆی، چونکە جیهان و تێگەیشتن دوو بەشی بنەڕەتی ئۆنتۆلۆجین بۆ بوون. لێرەوە "هایدگەر" لە هێرمینۆتیکیە فینۆمینۆلۆجییەکەیدا بەم شێوەیە لەبارەی چەمکی تێگەیشتنەوە دەپەیڤێت: "تێگەیشتن پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجی بوونی-هێزەکی دازاینە؛بە جۆرێکە، کە لە ڕێگەیەوە ئەم هەبووە لەنێو بوونیدا توانایی خۆی دەردەخات". [هایدگەر، ٢٠١٣، ل٢١٨] کەواتە ئێمە بەبێ تێگەیشتن ناتوانین لە بوون بگەین، بۆ ئەوەی لە بوون بگەین پێشمەرجەکەی تێگەیشتنە.

کەواتە ناتوانین هیچ ڕاڤەیەک بکەین پێش ئەوەی پرۆسێسەی تێگەیشتن ڕووبدات. لێکدانەوە (التفسیر) تەنێ لەڕێی بناغەیەکی ویژدانییەوە لەناو تێگەیشتن، یان لەناو جیهان دەتوانێ بناغەکەی داڕێژێت. لە ڕاڤەکردندا تێگەیشتن وەکوو پڕۆژەیەک جودا نابێتەوە، بەڵام ڕاڤەکردن ئیشکردنە لەسەر ئەو ئەگەرانەی تێگەیشتن ڕوویان تێدەکات و دەیەوێ لێکدانەوەیان بۆ بکات. کاتێک بۆ توێژینەوە لە بوون پەنا بۆ ڕاڤەکردن دەبەین، ئەوا "لەگەڵ هەموو تێگەیشتنێکدا بۆ جیهان لە بوون تێدەگەین و بەپێچەوانەشەوە دروستە. هەموو ڕاڤەکردنێک لەسەر بونیادە لەپێشترەکەی باسمانکرد ڕادەوەستێ. هەر ڕاڤەکردنێک کە تەواوکەری تێگەیشتنە، تێگەیشتنی بۆ بابەتە ڕاڤەکراوەکە هەیە". [هایدگەر، ٢٠١٣، ل ٢٢٦] کەواتە ناتوانین لە دەق بگەین، ئەگەر بونیادێکی لەپێشتری نەبێت. ئەوەی بابەتەکە پێشتر هەیەتی، کە ئەم فەیلەسووفە بە (پێش-بینین) ناوزەدی دەکات. کەواتە پێویستی بە کۆمەڵێ ئەگەرە، بەمەیش ناتوانین لێکدانەوە بۆ شتێک بکەین، تەنێ لە پێشتر تێینەگەین. کەواتە تێگەیشتن توانای درککردنی ئەگەرەکانی بوونە. ئامانجی ڕاڤەکردن و شیکردنەوە مێژووییەکەی ئەم فەیلەسووفە نوێکردنەوەی واتای بوونە بە گشتی. لێرەدا تێگەیشتن دەبێتە خاسیەتی بنەڕەتی بوون لە ژیانی مرۆڤدا. لەسەر ڕاڤەکاریش پێویستە پشت بە واتا لەپێشترەکان بەبێ شیکردنەوەیان نەبەستێ. دەبێت ئەو واتا لەپێشترانە بە وردی شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، بنەڕەت و دروستیان بزانرێت بۆ ئەوەی دەقەکە لە ناحاڵیبوون بپارێزین.

بەبڕوای ئەم فەیلەسووفە، کات واتای سەرەکیی بوون (دازاین) پێکدەهێنێت، ئەمەش بۆ دازاین بابەتێکی هەستیارە، چونکە بە بڕوای "هایدگەر" بە هۆی ڕوونکردنەوەی کات خۆی لە کۆی هەبووەکانی ناو جیهان جودا دەکاتەوە. لێرەوە دەزانین چۆن دازاین دەیەوێ پرۆسێسەی تێگەیشتن لە کاتیبوونی کات ڕووبدات. کەواتە واتای بوونیش بە گشتی لەبەر ڕۆشنایی کات دەبینین. ناتوانین لە دەرەوەی کات لێکدانەوە بۆ دازاین بکەین، چونکە کات، یان کاتی بوون ((تەنێ کات نییە، بەڵکوو "کات"ی خودە، دەیەوێ بوونی بسەلمێنێت، کەواتە کاتیش کاتی ئێستایە لەناو کاتی بووندا.)) [احمد، ٢٠٠٨، ص٨٩] مادام بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە زمان ماڵی بوون بێت، کەواتە پاسەوانی ئەو ماڵەیش مرۆڤە، هەرچەندە تەنێ پاسەوانی لەو ماڵە ناکات، بەڵکوو ڕاڤەیشی دەکات. کەواتە مرۆڤ ڕاڤەکاری بوونە. هاوکات تەنێ ئەوە مرۆڤ نییە زمان بەکاردێنێت، زمانیش لە ڕێیەوە دەپەیڤێت. مرۆڤ لە کن "هایدگەر" بوونێکی ئۆنتۆلۆجیانەی هەیە، ئەوەی ئەم مرۆڤەیش لە هەبووەکانی دیکە جودا دەکاتەوە قسەکردنە، زمانیش گەوهەری مرۆڤ دەردەخات، چونکە بنەڕەتی ناوکۆیی- ئۆنتۆلۆجیی زمان قسەکردنە. واتە بوون لەڕێی زمانەوە موخاتەبەی مرۆڤ دەکات. بە بڕوای "هایدگەر" مرۆڤ وشە دروست ناکات، بەڵکوو وشە ئەو دروست دەکات. هاوکات بنەڕەتی زمانی مرۆڤ ڕێزمان و گۆکردن نییە، لە ڕووە بوونییەکەوە، لێرەوەیە دیالۆگ بۆ بوونی مرۆڤ دەبێتە پێویستی.

هێرمینۆتیکا لە کن "هایدگەر" ڕەهەندێکی فینۆمینۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجیانەی هەیە، بۆیەش بە هێرمینۆتیکای فینۆمینۆلۆجی دەناسرێت، چونکە دەیەوێ حەقیقەت کەشف بکات، یان واتای دیاردەکانی بوونی مرۆڤ لێکبداتەوە. بە واتایەکی دیکە واتای بوون درک پێناکەین، بە هۆی هێرمینۆتیکاوە نەبێت. ئامانج لەم جۆرە شیکردنەوەیە دروستکردنی پێوەندییە لەنێوان هێرمینۆتیکای ئۆنتۆلۆجی و هێرمینۆتیکای فینۆمینۆلۆجیانە، هاوکات هێرمینۆتیکا لەسەر خود بنیات نەنرێت، بەڵکوو لەسەر بەرکەوتنی بە جیهان و تێگەیشتنەوە بنیات بنرێت. کاتێک بوون کەشف دەبێت، کە بەرکەوتنی لەگەڵ جیهاندا هەبێت. لێرەوە بە بڕوای "ڕیکۆ" کێشە ئۆنتۆلۆجییەکە بۆ بوون گەڕانە بە دوایدا لە چوارچێوەی پێوەندی توانایی بە جیهانەوە، نەک لە پێوەندی بە شتی دیکە، چونکە سێنتەری بوونی مرۆڤ، سێنتەربوونی ئەو هەبووەیە لە توانایی دەگات. لێرەوە تێگەیشتن نابێتە ڕێیەک لە ڕێیەکانی مەعریفە، بەڵکوو دەبێتە ڕێیەک لە ڕێیەکانی توانایی، ئەو هەبووەی بوونی هەیە ئیجا تێدەگات.

کەواتە دەتوانین هێرمینۆتیکای "هایدگەر" لەم پنتانەی خوارەوە دیاری بکەین: 

١. مێتۆدی فینۆمینۆلۆجی دەتوانێت خۆی لە پێشبیر و پێشبڕیارەکان دووربخاتەوە، بەڵام ئاگامەندی هەمیشە بۆ ناسینی بابەتەکەی پێویستی بە سترکچەرێکی لە پێشتر هەیە.

٢. هایدگەر وەکو دیڵتی، هێرمینۆتیک بە هونەری شیکردنەوە (تەفسیرکردن)ی بوونی مرۆڤ دادەنێت.

٣. تێگەیشتن بەشێکی هۆشی مرۆڤ نییە (وەکو کانت دەڵێت) بەڵکو پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجیە بۆ بوونی مرۆڤ.

٤. تێگەیشتن پێش شیکردنەوە دەکەوێت.

٥. هێرمینۆتیک بە تەنیا هونەری تێگەیشتن لە دەق و شیکردنەوە نییە، هونەرێکە دەتوانین بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی واتای بوون بەکاری بهێنین.

٦. جوڵانی بازنەی هێرمینۆتیکی، لەم ڕووەوە، لە بوونی مرۆڤەوە بۆ بوون بە گشتی و لێرەشەوە بۆ بوونی مرۆڤ.)) [کەمال، ٢٠٠٤، ل٦٢- ٦٣]

ئەم فەیلەسووفە لە کتێبی (بوون و کات)دا شوێنپێیەکی گەورە و گرینگی بۆ تیۆری هێرمینۆتیکا، واتایەکی نوێی بە چەمکی تێگەیشتن بەخشی. لێرەوە هێرمینۆتیکا دەبێتە ڕێیەک بۆ بوون، تێگەیشتنیش تێگەیشتنێکی کاتەکی، مەبەستدار، مێژوویی و بوونناسانەیە. کاتێك مرۆڤ دەپەیڤێ، ئەوە بوون ڕاڤە دەکات. ئەم پڕۆژەیەی "هایدگەر" سەرلەنوێ واتای بە بوون بەخشیەوە، چونکە هێرمینۆتیکا ڕەمزی وشە دەربڕاوەکان دەکاتەوە.


سەرچاوەکان:

١. شارەزووری (د.یادگار لەتیف)، ٢٠١٥، دیاردەگەرایی و ڕەخنەی ئەدەبی، ناوەندی فێربوون، هەولێر.
٢. کەمال (د.محەمەد)، ٢٠٠٤، بوون و داهێنان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
٣. هایدگەر (مارتن)، ٢٠١٣، بوون و کات، و:د.محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
٤. احمد (ابراهیم)، ٢٠٠٨، انگولوجیا اللغە عند مارتن هیدغر،  الدار العربیە للعلوم ناشرون، منشورات الاختلاف، بیروت.