لە ئاکرێ منداڵێک دەرمانی کردنەوەی ئاوەڕۆ دەخواتەوە و مانگێکە لەژێر چاودێریی چڕدایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

مەلەک موراد تاقانەی دایک و باوکییەتی. تەمەنی دوو ساڵە و خەڵکی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆکە. دەرمانی کردنەوەی ئاوەڕۆی خواردووەتەوە.
 
ئەو کچە بچکۆڵانەیە، ماوەی 31 رۆژە لەژێر چاودێریی چڕدایە و سێ هەفتەیە خواردن لە قورگی نەچووەتە خوارەوە. بۆرییەکی خواردنی راستەوخۆ لە گەدەی بەستراوە. جگە لەوەش، ئۆکسجین لە رێگەی بۆرییەکی تایبەتەوە پێی دەدرێت. 
 
لەدوای چوار ساڵ چاوەڕوانیی دایک و باوکی، خودا ئەم منداڵەی پێبەخشیون. نیشانەکانی ئەم رووداوە تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا بەردەوام دەبن. 
 
خوزەیجا عەزیز، داپیرەی مەلەکە و دەڵێت: "لای دایکی بووە، دەرمانی زێراب لە بوتڵێکدا بووە، کاتێک دایکی لای نەماوە، نەیزانیوە دەستی داوەتە دەرمانەکە و خواردوویەتییەوە. دەم و لێوی ئاوساون. رشاوەتەوە، بردمانە لای دکتۆر، دوو جار رشایەوە. لێوەکانی سپی هەڵگەڕاون و ئاوساون. دەرمانەکە بەر دەستیشی کەوتووە و هەمووی سووتاون." 
 
بەگوتەی پزیشکان، قووتدانی مادە کیمیاییەکان و کەرەستەکانی نێو ماڵ لە دهۆک لەنێو منداڵانی تەمەن یەک بۆ سێ ساڵ زیادیکردووە. خراپترینیشیان قووتدانی پاترییە. 
 
د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیڤیی منداڵان لە دهۆک دەڵێت: "تەمەنی مەترسیدار لەنێو منداڵان ساڵێک تا سێ ساڵانە. منداڵ دەکرێت بچێتە هەموو شوێنێک و هەر شتێک هەبێت قووتی بدات. هەندێ شت هەن زۆر مەترسیدارن، وەکو پاتری، دەرمانی ئاوەڕۆ، دەرزی، برغوو، کلیل، بەتایبەتیش لیرەی تورکی زۆر بووە. دەتوانم بڵێم لەم سێ مانگەدا 50 کەیس هاتوونەتە نەخۆشخانەی هیڤی کە منداڵ بوونە و شتیان قووتداوە. ئەوەش مەترسیی لەسەر ژیانیان دروستدەکات." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیڤی، پار بە گشتی نزیکەی 50 منداڵ کەرەستەی جۆراوجۆریان قووتدابوو، لەکاتێکدا ئەم ساڵ تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا ئامارەکە گەیشتووەتە ئەو ژمارەیە.