ئەو کوڕەی لە کفری لەگەڵ باوکیدا مینی پێدا تەقییەوە، گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئاسن لە کفری، مینێک تەقییەوە و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک برینداربوون، بەڵام دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کوڕەکە گیانی لەدەستدا. 
 
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 11:00 بووە، ئەو دوو کەسەی برینداربوون رۆژانە لە گۆڕەپانەکە ئاسن کۆدەکەنەوە. 
 
بەیانیی رۆژی هەینی 2-9-2022، عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باوک و کوڕکێک لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن، مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە. 
 
کوڕەکە ناوی "عەلی تارق حوسێن"ـە و لەدایکبووی 2006ـە. پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، کوڕەکە گیانی لەدەستداوە و باوکیشی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە. 
 
لە کفری 30 گۆڕەپانی ئاسن هەن کە رۆژانە سێ هەزار تۆن ئاسن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە دەبرێنە کفری و لەوێشەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێن کە زیاتر لە 600 کرێکار، شۆفێر و بازرگان کاری تێدا دەکەن.