لە کەرکووک کوردێک دەکوژرێت و تەرمەکەى هەڵدەدرێتە نێو ئاوى خاسە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک کوردێک لەلایەن کەسێکى خەڵکى دەرەوەى ئەو شارە دەکوژرێت و دواتر تەرمەکەى ‌‌هەڵدەدرێتە نێو ئاوى خاسەوە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو رووداوە و دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکەى بڵاوکردەوە. بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، بکوژەکە خەڵکى کەرکووک نەبووە و لەگەڵ ئەو کەسەى کوژراوە کێشە لە نێوانیان روویداوە و هاوڕێکەی خۆی کوشتووە، دواتر تەرمەکەى هەڵداوەتە نێو رووبارى خاسە لە کەرکووک. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پۆلیسی کەرکووک بە  تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو کەسەى کوژراوە کوردە، هەفتەى رابردوو تەرمەکەى لە نێو رووباری خاسەی کەرکووک دۆزراوەتەوە. 
 
ئەو سەرچاوەیە گوتى: "ئەو دوو کەسە پێکەوە بوونە و دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە، پاشان ئەو کەسە کوژراوە". 
 
تۆمەتبارەکە بەگوێرەى مادەى 406 ى یاسای سزادانى عێراق دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە کوشتنى ئەنقەست و سزاکەى لە سێدارەدانە.