ئەندامەکەى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگای دیالە: زیاتر لە چوار پۆستمان پێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامەکەى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە رایدەگەیێنێت، زیاتر لە چوار پۆستیان لەو پارێزگایە پێدەدرێت، دەشڵێت: "تەنیا دوو ئەندام بەشدار نەبوون لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنى حکومەتى خۆجێی."
شەوى یەکى ئاب ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی ئەو پارێزگایەى هەڵبژارد، بەبێ ئەوەى هیچ پۆستێکیان بۆ کورد بێت، لەگەڵ ئەوەى پێشتر یەکێتى داوای پۆستى جێگرى پارێزگارى دەکرد.
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە برى ئەو پۆستە یەکێتى زیاتر لە چوار پۆستى دیکەى پێدەدرێت لەوانە راوێژکارى پارێزگار و قایمقام و چەند بەڕێوەبەرێکى گشتى لە دیالە."
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر شمەری بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە سەر بە هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسایە، عومەر کوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە. هەروەها سالم تەمیمى لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە، وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، بە جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵیش بە جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
ئەوس مەهداوى گوتی، "هەردوو جێگرەکەى پارێزگار لە پێکهاتەى سوننەن، لە کۆى 15 ئەندامەکەى ئەنجوومەن 13 ئەندام ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون تەنیا موسەننا تەمیمى و رەعد تەمیمى کە سەر بە رێکخراوى بەدرن، بەشدار نەبوون."
موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشووە کە ئێستا لە فراکسیۆنى دیالەتونا ئەندامى ئەنجوومەنە و بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار، لەبارەى بەشدارینەکردنى لەو کۆبوونەوەیە لە فەیسبووک نووسیوویەتی: "وەک جێبەجێکردنى داواکاریى هاووڵاتییانى دیالە و هۆزى تەمیمى و دەنگدەرانى، بەشداریم لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا نەکرد."
لە کاتی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە بەغدا، بەشێک لە دانیشتووانی دیالە کە سەر بە هۆزى تەمیم بوون لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەن لە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاکە، خۆپێشاندانیان کرد و داوایان دەکرد پارێزگار لە هۆزەکەیان بێت.
ئەوس مەهداوى گوتى: "پارێزگار شەممەرییە، بەڵام چەند پۆستێکى دیکە لەوانە جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەن سەر بە هۆزى تەمیمییە."