نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا؛ بەرزترین لە دهۆکە و نزمترین لە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
بەرزترین نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی حەوت لە هەولێر دەگاتە 16 هەزار و 750 دینار، لە سلێمانی 15 هەزار و 500 دینار و لە دهۆکیش 17 هەزار و 500 دینارە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 02ـی ئابی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو لە هەندێک گەڕەک 265 کاژێر موەلیدە کاری کردووە و لە هەندێک گەڕەکیش گەیشتووەتە 413 کاژێر. بەگوێرەی ئەوەش، نرخی ئەمپێر لەنێوان 11 هەزار و 250 دینار بۆ 16 هەزار و 750 دینارە.
لە سلێمانیش کارکردنی موەلیدەکان لە گەڕەک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز بووە و لەنێوان 350 کاژێر بۆ 375 کاژێردا بووە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "بە فەرمی نرخمان دیاری نەکردووە، بەڵام نرخی ئەمپێرێک بەگوێرەی گەڕەکەکان لەنێوان 14 بۆ 15 هەزار و 500 دیناردا دەبێت".
لەبارەی نرخی ئەمپێری موەلیدە لە پارێزگای دهۆک، هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، لە شارەکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ و بەردەڕەش نرخی ئەمپێر 17 هەزار و 500 دینارە.
تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری هەڵەبجە نرخی ئەمپێر دیاری نەکراوە. جەلال محەممەد، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، یەکشەممە یان دووشەممە نرخەکە دیاری دەکەن.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەبوون و کارەبایان داوەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەش کە زۆرترینیان لە سلێمانی و کەمترینیش لە دهۆک بوون.