لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا داوای بەپارێزگاکردنی شنگال دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 10یەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا، بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە شاری دهۆک رێوەڕەسمێکی بەڕێوەبرد و تێیدا داواکرا دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و شنگالیش بکرێتە پارێزگا.
رێوەڕەسمەکە بە سروودی ئەی رەقیب و خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەستیپێکرد؛ دواتر وەک رێزێک لە قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ئامادەبووان ژمارەیەک مۆمیان داگیرساند.
سەعید جەلۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش گوتارێكی پێشکێشکرد و گوتی، هێرشی داعش بۆ سەر شنگال بە ئامانجی لەنێوبردنی تەواوی کوردانی ئێزدی بوو؛ گوتیشی، "هەموو تاکێکی ئێزدی کاریگەری تاوانی جینۆسیادی لەسەر ماوە، بێ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو برینانە دیاری بکرێت".
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش چەند خاڵێکی وەک چارەسەر بۆ کێشە و ئازاری کوردانی ئێزدی خستەڕوو کە ئەمانەن:
- پێشکێشکردنی ئاسانکاری بۆ دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسی تاوانەکە و ناساندنی وەک جینۆساید.
- دەرکردنی یاسای رێگری لە تەکفیرکردن و گوتاری رق و کینە و سزادانی تووندی ئەو کەسانەی ئەو دوو خاڵە دەیانگرێتەوە.
- بەشداریکردنی پێکهاتەی ئێزدی لە جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری.
- دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و تەندروست و تێیدا هەلی کار و خواستەکانی گەنجان دابینبکرێت.
- ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و نەهێشتنی ململانێی سیاسی و دیاردەی چەکداری.
- جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنامەی شنگال و کارکردن بۆ گواستنەوەی شنگال لە قەزاوە بۆ پارێزگا.
- ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکە و جێبەجێکردنی پرۆژی ستراتیژی تێیاندا.
- پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پەروەردەکردن بەشێوەیەکی پێشکەوتووانە، لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ.
- هاندانی پەیڕەوکارانی ئایینی ئیسلام بۆ قەدەخەکردنی رشتنی خوێنی کوردانی ئێزدی لەبەر بیروباوەڕی ئایینی.
- ساڵانە لەلایەن زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی جینۆساید بەرامبەر کورد بەگشتی و ئێزدییەکان بەتایبەت ئەنجام بدرێت.
سەعید جەلۆ سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد پشتیوانی کوردانی ئێزدییان کردووە؛ گوتیشی، "سوپاسی پێشمەرگە دەکەین لە رزگارکردنی شنگالدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک هێژا کاک مەسعود بارزانی و رزگارکردنی زیاتر لە 3 هەزار ئێزدی لەلایەن نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و پشتیوانیی بێسنووری بەڕێز مەسرور بارزانی."
د. ناڤسەر عەبدولقادر، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 10 ساڵی رابردوودا وێڕای قەیران و ئاستەنگییەکان، بەردەوام خزمەتی ئاوارەکانی شنگالی کردووە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابینکردوون.
بریکاری کاروباری وەزارەتی شەهیدان گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 576 کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگار کراون؛ هەروەها 3 هەزار کچ و ژنی رزگاربوونی دەستی داعش بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکاری مانگانەیان پێ دەدرێت.
سبەی 03ـی ئاب، 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەریدا تێدەپەڕێت.