تەرمی گەنجێک لە سنووری خورماڵ دەدۆزرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکدا لە سنووری خورماڵ، دەنگۆی کوژرانی بە ئەنقەستی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵابووەوە، باوکی دەڵێت: هەردوو قاچی کوڕەکەی شکاوە و خوێنی لە لووتی هاتووە؛ گوتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت: "لە شاخ کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە."
رۆژی سێشەممە 2ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی بەناوی "بەڕێز نیعمەت"ـی تەمەن 25 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی خورماڵی راگەیاند؛ رۆژی سێشەممە 2ـی ئابی 2022، نیعمەت سدیق باوکی بەڕێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من چوومە سەر تەرمی کوڕەکەم، هەردوو قاچی شکابوون، خوێن لە لووتی هاتبوو، پێڵاوەکانیشی لە پێدابوو."
باوکی بەڕێز ئاماژە بەوە دەکات، سەرەتا هەواڵ بڵاوبووەتەوە کە گەنجێک نازانرێت خەڵکی کوێیە گیانی لەدەستداوە و ئەویش کە رۆشتووە بینیویەتی کوڕەکەیەتی؛ ئەو دەڵێت: "نازانم دەڵێن کوژراوە، بەڵام راپۆرتی دادپزیشکی تەرمەکەی لە دادپزیشکیی سلێمانییە و تاوەکو ئێستا نەدراوەتەوە بە ئێمە، چاوەڕوانی ئەوەین و جارێ لە پرسەداین."
سەبارەت بە رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئاب، موقەدەم بارزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە رامانگەیاندووە کە ئەو کەسە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە و نەوەکو کوژرابێت."
بە گوتەی نیعمەت سدیق، کوڕەکەی لەگەڵ دوو کەس بووە، یەکێکیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و ئەوەی دیکەیان هەڵهاتووە. سەبارەت بەهۆکاری هەڵهاتنی کوڕەکەشی گوتی: "دەڵێن گوایە شتی نایاسایی پێبووە؛ یەکێک لەو کوڕانەی دەستگیرکراوە لای ئاسایشە و هێشتا نەمانبینیوە کە رەنگە ئەو زانیاری زیاتری لابێت؛ کوڕەکەی دیکە نازانم لە کوێیە و گوایە هەڵهاتووە."
لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی "بەڕێز نیعمەت"، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: "تەرمی بەڕێز نیعمەت لە شاخی وشکەناو لە سنووری ناحیەی خورماڵ دۆزراوەتەوە کە کەوتووەتە خوارەوە لە شاخەکەوە و گیانی لەدەستداوە."
تەرمی بەڕێز نیعمەت لەلایەن تیمی بەڵگە و تاوان لە بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
نیعمەت سدیق گوتی، ئەوان ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەکەیانە و دوای پرسەکە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بڕیار دەدەن کە سکاڵا تۆمار دەکەن یان نا.
دۆسیەی لێکۆڵێنەوە بۆ رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی خورماڵەوە کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا ئاسایشی ناوچەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.