سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: لە ماوەی شەش مانگدا 799 دۆسیەی گەندەڵیمان تۆمارکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەماوەی پێنج ساڵدا 72 پلەدار و پلەباڵا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵییەوە دراونەتە دادگە کە شەشیان وەزیرن. دەشڵێت: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 799 دۆسیەی گەندەڵی لە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
رۆژی سێشەممە 2-8-2022، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2022 لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، لێکۆڵینەوە لە 72 پلە باڵا و پلە تایبەت لە هەرێمی کوردستان کراوە، کە شەشیان وەزیر بوون و یەک سەرۆکی دەستە و شەش بریکاری وەزیر و پێنج راوێژکار و یەک ئەندامی پەرلەمان و 34 بەڕێوەبەری گشتی و چوار سەرۆکی فەرمانگە و یەک پارێزگار و پێنج قایمقام و هەشت ئەندامی ئەنجوومەنن." 
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "ئەو ئامارە هی ساڵی 2015 و 2016ی لەگەڵ نییە و ژمارەیەک کەسیش پارێزبەندیان هەبووە و سەروو خۆیان رێگەیان پێنەداون بێنە بەردەم دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئێستاش لە لێکۆڵینەوەکاندا کەسانێک هەن کە پلە باڵا و پلە تایبەتن و پێشبینی دەکرێت لە رابردوویەکی نزیک کەیسی ژمارەیەکیان تەواوبکرێت و رەوانەی دادگە بکرێن." 
 
بە گوتەی حاکم ئەحمەد ئەنوەر، کەیسەکانی دەستەکە لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان دوادەکەون و داوای تەرخانکردنی دادگەیەکی تایبەتمەند بە گەندەڵی دەکات و دەڵێت: "ماوەی پێنج ساڵە داوای ئەوە دەکەین دادگەیەکی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵیمان بۆ تەرخان بکرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵێک دادگەی دەستنیشانکراو لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و گەرمیان کەیسەکانی گەندەڵی دەبینرێت، ئەگەر دادگەیەکی تایبەت تەرخان بکرێت، دەستەی دەستپاکی باشتر دەتوانێ لە رێگەی نوێنەرە یاساییەکانی چاودێری بکات و ئەو دادگەیانەی ئێستا کەیسەکانیان لێیەکلایی دەکرێتەوە، بەهۆی زۆری کەیسی دیکە، کەیسەکانی گەندەڵی لێیان دوادەکەوێت." 
 
ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری دا، دادگەیەک بۆ کەیسەکانی گەندەڵی دابمەزرێنێت، بەڵام سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، ئەنجوومەنی دادوەری بڕیارەکەیان هەڵوەشاندەوە و بڕیارێکی دیکەیان دا، کە ئەگەر ئەویش بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە خراپ نییە، بڕیارەکەش ئەوەیە کە لە هەر سەرۆکایەتییەکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، دادگەیەک تەرخان بکرێت تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان پێیوایە: ئەو داتایانەی  لە دەستەی دەستپاکی بڵاوی دەکەنەوە تەنیا ئەو زانیارییانەیە کە پێیان دەگات، بۆیە ئەوە قەبارەی راستەقینەی گەندەڵی نییە لە هەرێمی کوردستان. 
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر ژمارەی ئەو کەیسانەی ئاشکراکرد کە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە دەستەکە تۆمارکراون و گوتی، "کۆی داوا سزاییەکان 548 داوا بووە و کۆی داوا هەواڵدەرییەکان کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت و هێشتا نەخراونەتە بەردەم دادوەر، 251 داوایە و بەو پێیەش ئێستا 799 کەیسی گەندەڵی هەیە لە هەرسێ بەرێوەبەرایەتییەکان و گەرمیان و هەڵەبجە کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت." 
 
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی دەستپاکی، "کۆی ئەو کەیسانەی رەوانەی دادگە کراون و بە بڕیاری دادوەرانی دەستپاکی لێکۆڵینەوە تێیاندا تەواوبووە، 138 کەیسن. ئێستا 205 کەیس لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی دادگەییکردنن، لەو شەش مانگەدا 40 کەیس یەکلاکراوەتەوە کە 28یان تۆمەتبارکراون و 12 کەیسیش بڕیاری ئازادکردنیان دراوە و 34 کەیسیش گەڕاوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە.