رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە ماڵێک لە هەولێر کەوتەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێت، تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
ئاگرەکە نزیک کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی وەزیران کەوتەوە. شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمەکانیان چوونەتە شوێنەکە و کۆنترۆڵیان کردووە.
شاخەوان سەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە ئاگرەکەدا تانکییەکی گازیش تەقیوە و ئاگرەکەی فراوان کردووە، بەڵام لە ماوەی 20 خولەکەدا تیمەکانیان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەو ماڵەی گڕی گرتووە زۆرینەی سووتاوە. چەند دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ لەپشت ماڵەکەوە هەبوون، تیمەکانی بەرگریی شارستانی رێگەیان نەداوە ئاگر بگاتە ئەو دووکانانە.
دراوسێیەکی ئەو ماڵەی ئاگرەکەی تێدا کەوتوەتەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەندامانی ماڵەکە لە کاتی رووداوەکەدا لە ماڵ بوون، بەڵام کەسیان زیانیان بەرنەکەوتووە و سەلامەتن".
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 407 ئاگر لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ