شارەوانی هەولێر: لە جەژندا زیاتر لە 6 هەزار تۆن زبڵ و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانی هەولێر دەڵێت، لە چوار رۆژی جەژندا 6 هەزار و 360 تۆن زبڵ و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانییان کۆکردووەتەوە. گوتەبێژی شارەوانییەکە دەڵێت، حاویەی تایبەتیان بۆ پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی داناوە، بەڵام بەشێکی خەڵک پابەند نەبوون و لە شەقامەکان فڕێیان داوە.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی تەمموز) بڵاویکردووەتەوە، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا لە سەنتەری شاری هەولێر 560 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و زیاتر لە 5 هەزار و 800 تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە.
لە هەولێر شەش شارەوانی هەن. سیامەند کەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژینگەپارێزانی پاککردنەوە، رۆژانی جەژن لە ئەرکدا بوون و لە رێگەی شەش کۆمپانیاوە کە هەر کۆمپانیایەکی سەر بە شارەوانییەکی هەولێرە، شارەکەیان خاوێن راگرتووە.
گوتەبێژی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بۆ پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە زۆرینەی گەڕەکاندا حاویەی تایبەتیان داناوە، بەڵام بەشێکی هاونیشتمانیان "پابەند نەبوون" و پاشماوەکانیان لە شەقام فڕێداوە؛ گوتیشی، "تیمەکان دەبوو لە هەرشوێنێک پاشماوەی ئاژەڵ هەبێت، شوێنەکەش بشۆن، چونکە هاوینە و بۆنێکی زۆر ناخۆشی بڵاودەکردەوە".