هێمن هەورامی: ئەگەر هەموو لایەنەکانیش رێکبکەون ناتوانرێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان دراوە، ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هەموو لایەنەکانیش رێکبکەون، ناتوانرێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
رۆژی شەممە 2-7-2022، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەڵبژاردن بۆ حیزبە سیاسییەکان دەکرێت و حیزبەکانیش جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و شێوازی بازنەکان هەیە؛ ئێمە لە پەرلەمان نامانەوێ ببینە هۆی تێکدانی دۆخی سیاسیی کوردستان و رەهەندە سیاسییەکە رەچاو نەکەین و تەنیا رەهەندە یاساییەکەی بگرینەبەر."
هێمن هەورامی گوتی: "لە 3-11-2021ەوە هەموو هەوڵەکانمان لە پەرلەمان چڕکردەوە و چەندین مانگیش زنجیرەیەک دانیشتنمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەنێو پەرلەمان هەوڵبدەین لایەنە سیاسی و یاساییەکەی بگەیەنینە ئەنجام، بەڵام لەنێو پەرلەماندا نەتوانرا ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنین."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، "لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و بە کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسییەکان، هەوڵدرا بە بەشداری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسی دروستبێت بۆ ئەوەی بتوانین لێکنزیکبوونەوە یاساییەکەش مسۆگەربکەین. راستە دانیشتن هەبووە، بەڵام لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسیی ئەوتۆ کە ببێتە هۆی ئەوەی لە 1-10-2022 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، نەهاتووەتە دی. ئەوە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان و سەرجەم فراکسیۆنەکان و خەڵکی کوردستانیش بەوەی کە نەتوانین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەین."
هێمن هەورامی لەبارەی ئەو خاڵەی تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون گوتی: "لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە لەسەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە تا بتوانرێت شەفاف بێت و بۆ ئەوەش تۆمارێک بەکاربهێندرێت کە زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی سیاسیی متمانەی پێبکەن، ئەویش تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە لە مانگی 10ـی ساڵی 2021 ئەنجامدرا."
لەبارەی پرسی پێکهاتەکانەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، "لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێمانوایە پرسی پێکهاتەکان دەبێ خۆیان بریاری لەسەربدەن کە نوێنەرایەتییان چۆن دەوێت؛ ئایا دەیانەوێ نوێنەریان کەمبکرێتەوە؟ کوردستان یەک بازنەبێت بۆ نوێنەرایەتییەکەیان یان دەیانەوێ دابەشبکرێن بەسەر بازنەی پارێزگاکاندا؟ تا ئێستا ئەو بابەتەش یەکلا نەکراوەتەوە."
هێمن هەورامی پێیوایە، "بابەتی هەڵبژاردن بە زۆرینە و کەمینە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە جۆرێک لێتێگەیشتنە؛ بۆیە ئەگەر چەند مانگێک هەڵبژاردن دوابکەوێت و هەمووان تێیدا بەشداربن و کوردستان بە قەوارەیەکی یەکگرتوو بمێنێتەوە، زۆر باشترە لەوەی پەلە لە هەڵبژاردن بکرێت و لە کاتێکی کەمدا ئەنجامبدرێت و بەهۆیەوە کوردستان دابەشبکرێت."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەدووری دەزانێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و دەڵێ، "ئەگەر هەموو حیزبەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون، بڕوا ناکەم لەڕووی تەکنیکییەوە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بتوانێ لە 1-10-2022 هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت."