گرتنەوەی ئاوی رووباری فورات کێشەی ئاو و کارەبا بۆ رۆژئاوای کوردستان دروستدەکات
رووداو - قامشلۆ
بەهۆی گرتنەوەی بەشێک لە ئاوی رووباری فوراتەوە، کارەبای رۆژئاوای کوردستان کەمبووەتەوە و رۆژانە تەنیا نزیکەی چوار کاژێر کارەبا هەیە، تورکیا ئاوەکەی کەمکردووەتەوە و چەندین بەنداویان لەسەر دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە.
لە قامشلو زیاتر لە 380 موەلیدەی تایبەت هەن، بەڵام بەشێکیان لەکارکەوتوون، خاوەن موەلیدەیەک باس لەوە دەکات کە بەهۆی تێچووی زۆرەوە، توانای نییە موەلیدەکەی چاکبکاتەوە.
ئێستا رۆژانە کارەبای نیشتمانی لە هەر شارێکی رۆژئاوای کوردستان ناگاتە چوار کاژێر. هاوکات بەشێک لە مۆلیدە تایبەتەکانیش کاریان راگرتووە و بەشێکی دیکەیشیان خاوەنەکانیان باس لە راگرتنی کارەکانیان دەکەن.
خاوەنی یەکێک لە مۆلیدە تایبەتەکان دوو رۆژە مۆلیدەکەیی لە کار کەوتووە، بەوە هۆیەیشەوە 120 ماڵ کارەبایان نییە. ئێستا بەدوای پارچەکەیدا دەگەڕێت و پێنج ملیۆن لیرەی سوورییشی پێویستە تا چاکی بکاتەوە.
رێوان ئەحمەد، خاوەنی مۆلیدەیە و دەڵێت، "ناچارین کاری پێنەکەین، چونکە دەبێت بە تەواوی چاکی بکەینەوە. منیش دەسەڵاتم نییە و کەسیش هاوکاریم ناکات".
مۆلیدەکان رۆژی هەشت کاژێر کارەبا دەدەن و ئەمپێری بە دوو هەزار لیرەی سوورییە. لە شاری قامشلۆ زیاتر لە 380 مۆلیدەی تایبەت هەن. لە پێنج-شەش گەڕەک بەشێکیان راوەستاون.
هەندێک گەڕەک هەر کێشەی کارەبایان نییە، بەڵکو کێشەی بێئاوییشیان هەیە. بێئاوی و بێکارەبایی لە هاویندا رەوشی خەڵکی سەخت کردووە.
سویلەم ئەمسەل، هاووڵاتییەکی سوورییە و دەڵێت، "گەڕەکەکانی دیکە ئاویان هەیە، بەڵام ئێمە نیمانە. دینەمۆیەکی گەورەم هەیە، دڵۆپێک ئاوی پێدا نایەت".
ئاوی گەڕەکی سیاح نەماوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاویش هۆکارەکە بۆ کۆنبوونی تۆڕەکانی ئاو و فراوانبوونی ئەو گەڕەکە دەگەڕێنێتەوە. هاوکات بەرنامەی چارەسەرییش ئامادەدەکات.
بەیار عەبدولڕەحمان، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە و دەڵێت، "پرۆژەیەکی گەورەمان بۆ چارەسەرکردنی داناوە، بەڵام پێویستی بە کاتە و ژێرخانی ئابووریشمان خراپە بۆیە دواکەوتووە. هەوڵدەدەین ئەو تۆڕی ئاوە چاکبکەیەنەوە و بەرنامەی دیکەیشمان هەیە".
لە قامشلۆ پلەی گەرما 40ـی تێپەڕاندووە. گەرمایش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دۆخی دەروونیی خەڵک دەبێت.