هاونیشتمانییەک لە شەڕی نێوان دوو کەسدا لە بنەسڵاوە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو هاونیشتمانی لە بنەسڵاوە، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، ئەو کەسە "لەناوبژیدا کوژراوە".
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، دوو کەس لە نووسینگەکانی بنەسڵاوە بووەتە کێشەیان. کەسێک لەو شوێنە ناوبژیوانی کردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە.
هۆگر عەزیز گوتی، یەکێک لە دوو کەسە شەڕکەرەکە تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا ناوبژیوانەکە کە هاونیشتمانییەکی لەدایکبووی ساڵی 1970 بوو، گیانی لەدەستداوە.
بە گوتەی هۆگر عەزیز هەردوو کەسی شەڕکەر بە پێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراق دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.