چەند دوورگەیەکی پارێزگای وان سەرەنجی گەشتیارانی راکێشاوە
رووداو - وان
چەند دوورگەیەکی بچووکی پارێزگای وان سەرنجی گەشتیانای راکێشاوە، رۆژانە سەدان گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی سەردانی دورگەکان دەکەن.
دوورگە بچووکەکانی دەریاچەی وان لە شارۆچکەی وەستان لە باکووری کوردستان، بە سرووشتی دەستلێنەدراو و دەریای شینیەوە لە چاوەڕوانی گەشتیاراندان.
دوورگە بچووکەکان کە دوای گەشتێکی سێ کاژێریی لەنێو دەریاچەکەدا پێیدەگەیت، جوانییەکانی دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاست دێنێتەوە یاد.
سەرۆکی شارەوانی وەستان کە لەگەڵ رۆژنامەڤاناندا بە دوورگەکانی ئاغین-دا گەڕاوە، ئاماژە بەوە دەکات هەردوو ناوچەی ئینکۆیو و ئاغین لە حەوزی دەریاچەی وان خاوەنی دوورگە گرنگەکانن لەسەر ئاستی تورکیا.
سینان هاکان، سەرۆکی شارەوانی وەستان دەڵێت "لە شارۆچکەی وەستانی سەربە پارێزگای وان-ین، ئەمڕۆ لە جوگرافیای دەریاچەی وان دوورگە بچووکەکانی ناوچەی ئاغین-ی سەر بە ناوچەی ئین کۆی-مان بەسەرکردەوە، لە ناوچەی ئاغین دوورگەی زۆر سەرنجڕاکێش و جوانمان هەن، لە هەمانکاتدا ناوچەیەکە دارستانیشی هەیە کە بەیەکێک لە چڕترین دارستانەکانی ئەم ناوچەیە هەژماردەکرێت".
سرووشی بێهاوتا و ئاوە شینەکەی و کەناراوەکانی، لەتایبەتمەندییە دڵرفێنەکانی ئەو دوورگە بچووکانەن و چاوەڕوانی ئەوەن گەشتیاران زیاتر روویان تێبکەن.
بەمەبەستی گرنگییدان بە رۆڵی ئەو دوورگە بچووکانە لە کەرتی گەشتیارییدا، ژمارەیەک گەشت ئەنجامدراون، بەڵام ئەم ناوچەیە هێشتا پێویستی بە ناساندنی زیاترە لە رووی گەشتیارییەوە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن