سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: سیستمی خوێندنی زانکۆ دەگۆڕین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، لە کوردستان هیچ بودجەیەک بۆ توێژینەوە تەرخان ناکرێت. ئاشکرایشی کرد، ساڵی داهاتوو سیستمی نوێی خوێندن جێبەجێ دەکەن. هەروەها موژدە دەداتە مامۆستا و توێژەرانی زانکۆکە "بەمزووانە سکۆپەسی یەکێک لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بۆ زانکۆکەمان وەردەگرین."
 
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، کە میوانی بەرنامەی نووڕۆژی رووداو بوو، لەبارەی توانای زانستیی توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان گوتی، "توانای مرۆیی زۆر باشمان هەیە، بەڵام ئەو تاقیگە و ئامێرانەی توێژینەوەیان پێدەکەین، لەو ئاستەدا نین."
 
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین هۆکاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆئەوەی کە "لە هەرێمی کوردستان بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان ناکرێت، لە هەموو وڵاتانیش تەنیا حکومەت پاڵپشتیی زانکۆکان ناکات، بەڵکو کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیش دەیکەن، تائێستا زانکۆکانی کوردستان و کەرتی تایبەت هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان نییە."
 
لە هەرێمی کوردستان 14 زانکۆی حکومی و 13 زانکۆی ئەهلی هەن، هەرچەندە ئەو زانکۆیانە گۆڤاری زانستییان هەیە، بەڵام هیچ گۆڤارێکیان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراو نین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین موژدە دەداتە مامۆستا و توێژەرانی زانکۆکە کە "بەمزووانە سکۆپەسی یەکێک لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بۆ زانکۆی سەڵاحەدین وەردەگرین."
 
د. کامەران یونس پێیوایە بەهۆی نەبوونی بودجە و پاڵپشتیی داراییەوە نەتوانراوە دان بە گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکانی کوردستان بنرێت، دەشڵێت، ئەو گۆڤارەی داوای سکۆپەسیان لێی کردووە، داوای 50 هەزار دۆلاری کردووە."
 
زۆر جار گلەیی لە توێژینەوە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە بە میتۆدی کلاسیکی دەنووسرێن، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لەوبارەیەوە گوتی، "میتۆدە کلاسیکەکە نەماوە، ئێستا میتۆدی توێژینەوەکان بۆ ماستەر و دکتۆرا لەسەر شێوازە کلاسیکییەکەی پێشتر نەماوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەت و تاقیگە و ئامێری پێشکەوتووە."
 
بێجگە لە گۆڕینی میتۆدی توێژینەوەکان، زانکۆی سەڵاحەدین دەستیکردووە بە گۆڕینی سیستمی خوێندن و بڕیارە ساڵی داهاتوو سیستمی نوێ کاری پێبکرێت، د. کامەران یونس  گوتی "پێداچوونەوە بە سیستمی هەموو بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەین، خەریکین هەموو سیستمەکە دەگۆرین و لەگەڵ بازاڕ دەیبەستینەوە، بۆ ئەوەی قوتابییانمان کە دەرچوون، هەلیکاریان دەستبکەوێت، سیستمی خوێندنی ئێستا زۆر کلاسیکییە، دەستمان بەو کارە کردووە، ساڵی داهاتوو سیستمە نوێیەکە دەخوێندرێت، لە بەشەکانی سۆفتوێر و کشتوکاڵ، کیمیا، فیزیا، بایۆلۆژی دەستمان بە گۆڕینی سیستمی خوێندن کردووە".