بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە منداڵێک لە تەوێڵە قاچەکانی دەبڕدرێنەوە و لە خوێندن دادەبڕێت

رووداو دیجیتاڵ 

منداڵێکی تەمەن 11 ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی تەوێڵە لە پارێزگای هەڵەبجە تووشی نەخۆشیی جێب سندرم بووە، ئەو نەخۆشییە لە 10 هەزار کەس، کەسێک تووشی دەبێت. منداڵەکە بەهۆی نەخۆشییەکەوە قاچەکانی لەدەستداوە و لە خوێندنیش دابڕاوە. 
 
لاوی لە تەمەنی پێنج مانگییەوە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت. لە مانگی شوباتی ساڵی 2021دا پزیشکەکانی ناچاربوون قاچەکانی ببڕنەوە.
 
کۆچەر، دايکی لاوییە و دەڵێت، "ئەم نەخۆشییە لە 10 هەزار منداڵ يەک منداڵ تووشی دەبێت. ئێستا تووشی ئەم منداڵەی ئێمە بووە. ئەو کاتە تەمەنی پێنج مانگ و يەک هەفتە بوو کە تووشی ئەم حاڵەتە بوو، تا تەمەنی گەشتە نۆ مانگ بەرە بەرە لەژێر چاودێریی دکتۆردا بوو تا نەخۆشيیەکە تەشەنەی سەند. زۆری پێچوو تا نەخۆشیيەکەيان دەستنیشانکرد. دکتۆرەکان گوتيان پێويستە قاچی لاببەن و پەنجەکانی بڕاونەتەوە، يەکەم جار تووشی دەستی بوو، دواتر بەرەو گوێ، لووتی، ناو دەمی، نەخۆشيیەکە تەشەنەی سەند."
 
لەبارەی دابڕانی لاوی لە خوێندن، دایکی دەڵێت، "ئێمە لە تەوێڵە دەژين، شوێنەکەمان هی ئەوە نیە ئۆتۆمبێلی بۆ دابين بکەين، بەفر و سەرمايە ناتوانين منداڵيش نەیدەتوانی بچێت بۆ خوێندن لەبەر نەخۆشييەکەی لە خوێندن دابڕاوە." 
 
لاوی دوای لەدەستدانی هەردوو قاچی و نەبوونی توانای نووسين لە دەستەکانی، هەفتانە لە تەوێڵەوە دەچێتە هەڵەبجە و سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر و چاوەڕێی دروستکردنی قاچە دەستکردەکانييەتی بۆ ئەوەی دوای 11 ساڵ بتوانێت وەک هەر منداڵێکی دیکە بچێتە قوتابخانە و لە پۆلی يەکی بنەڕەتی درێژە بە خوێندن بدات. 
 
رێکخراوێکی تایبەت بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بە منداڵانی نیڤشکان سەرقاڵی دابینکردنی قاچی دەستکردە بۆ لاوی. 
 
سەرکۆ رەحيم، سەرۆکی رێکخراوی 'بەرەو ژيانێکی نوێ بۆ منداڵانی خاوەن پێداويستیی تايبەت'ـە و دەڵێت، "نزيکەی سێ ساڵە ئێمە چاودێریی دەکەين، لاوی گيان ئێستا بڕينەوەی قاچی بۆ کراوە. هەردوو قاچەکانێتی، بەداخەوە، دەبێت نەشتەرگەريیەکی ديکەی بۆ بکرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوەين برينەکەی ساڕێژبێت و دەست بکەين بە قاڵبکردنی قاچی دەستکرد. ئەو قاڵبە دەنێردرێتە ئەمريکا و لەوێ تەواو دەبێت و دێتەوە ئێرە و پێشکێشی لاوی دەکەين."
 
سەرکۆ رەحیم دەشڵێت، بەبۆنەی 1ـی حوزەیران، رۆژی جيهانیی منداڵان "ئێمە چووينە قوتابخانە و کورسييەکی باشمان پێشکێشکرد بۆ ئەوەی تا قاچە دەستکردەکەی پێشکێش دەکرێت، لە خوێندن دانەبڕێت."
 
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 376 منداڵی نیڤشکان هەن. تەنیا لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 26 قاچی دەستکرد دروستکراون، 54 کورسی تایبەت بە منداڵانی توشبووی ئيفليجیی مێشک بەخشراوە. هاوکات، 300 منداڵی نیڤشکان گەڕێنراونەتەوە بۆ قوتابخانەکان.